هەمان نەهامەتی بێکهام و جۆن تێری بەرۆکی واتکینز دەگرێت
یاریگا –
ئۆلی واتکینزی هێرشبەری ئەستۆن ڤێلا بە خراپترین شێوە لێدانە سزاکەی تیپەکەی بەرامبەر سێڵتیک لەدەست دا و بیرەوەریەکی ساڵی 2000 بیر هاندەرانی تۆپی پێ هێنایەوە.
لە یەکێک لە یارییە سەرنجڕاکێشەکانی هەفتەی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، ئەستۆن ڤێلا و سێڵتیک لە یاریگای ڤیلا پارک رووبەڕووی یەکتربوونەوە، لە کۆتاییدا کوڕانی ئونای ئێمری بە ئەنجامی 4-2 بەسەر میوانە سکۆتلەندییەکەیاندا زاڵبوون و راستەوخۆ سەرکەوتنیان وەک تیپی حەوتەم بۆ قۆناغی 16 مسۆگەر کرد.
یەکێک لە رووداوە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم یارییە لێدانی سزای سەیر و سەمەرەی ئۆلی واتکینز بوو کە لە خولەکی 67دا لەدەستچوو. لەگەڵ پێشەنگی ئەستۆن ڤێلا بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ، یاریزانانی ئێمری چانسی تۆمارکردنی گۆڵی چوارەمیان هەبوو کاتێک لێدانی سزایان بۆ هەژمار کرا و دەکرا بەم لێدانە سزایە ئەنجامی یارییەکە یەکلایی ببێتەوە.
واتکینز کە لە وەرزەکانی رابردوودا ئەستێرەی لێدانی سزای ئەستۆن ڤێلا بووە، لە پشت ئەم لێدانە چارەنووسسازە وەستابوو بەڵام بە چاوەڕواننەکراوترین شێوە، پێش ئەوەی لێدانە سزاکە جیبەجێ بکات، پێی خلیسکا و تۆپەکەی پێشکەشی گۆڵپارێزەکە کرد.
لێدانە سزاکەی واتکینز بە جۆرێک لێدانی سزای ئەستێرەکانی ساڵانی 2000ی بیری هاندەران هێنایەوە. کە دەیڤد بێکهام لە لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2004ی نێوان ئینگلتەرا و تورکیا لە پشت لێدانی سزای سێ شێرەکان وەستابوو، بەڵام بە هەمان شێوە پێش ئەوەی لێدانەکە جێبەجێ بکات پێی خلیسکا، دەرفەتی گۆڵکردنی بۆ هەڵبژاردەکەی لەدەستدا.
رووداوێکی هاوشێوە لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە ساڵی 2008 روویدا و ئەوەی جێگای سەرنجە دیسانەوە یاریزانێکی ئینگلیزی بوو. کە جۆن تێری کاپتنی چێڵسی لە پشت لێدانی پێنجەمی بلوزەوە وەستابوو. لێدانی سزای گرنگ لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر مانچێستەر یونایتد، بەڵام بەهۆی بارانبارینی زۆر، لێدانێکی سزاکەی لەدەستدا و پێی خزی و لێدانە لاوازەکەی بەرەو ستونی گۆڵ کەوت، لە کۆتاییدا مانچێستەر یونایتد نازناوەکەی بردەوە.