چوار کاردانەوەی جیاوازی چوار راهێنەرەکەی ئیتاڵیا لە چامپیۆنزلیگ دوای کۆتایی هاتنی قۆناغی کۆمەڵەکان
شەوی رابردوو هەریەک لە یانەکانی ئینتەرمیلان، ئەتەلەنتا، یوڤێنتۆس و میلان کۆتا یاری قۆناغی کۆمەڵەکانیان ئەنجامدا وتێیدا تەنها ئینتەر راستەوخۆ گەیشتە قۆناغی 16.
هیچ کامێک لە ئیتاڵییەکان ماڵئاواییان نەکرد و سێ یانەکەی دیکە سەرکەوتن بۆ پاشکۆی پاڵاوتنەکان. ئەوەی جێگەی سەرنجە لێدوانی ئەو چوار راهێنەرەیە دوای یارییەکە کە رەنگدانەوەی دۆخی یانەکە و کەسایەتی راهێنەرەکانیانن.
سیمۆن ئینزاگی کە راهێنەرایەتی ئینتەر دەکات و یانەکەی توانی پلەی چوارەمی ریزبەندییەکە بەدەست بهێنێت بۆ سکای سپۆرت وتی
من زۆر رازیم لە ئاستی یاریزانەکانم و پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنیان لێدەکەم، یارییەکانی ئێمە لە ماوەی ئەم هەشت یارییەی قۆناغی کۆمەڵەکان سەرسوڕهێنەر بوو. توانیمان حەوت یاری بە خاوێنی گۆڵەکەمان رابگرین و تەنها بە جیاوازی گۆڵ لە پلەی چوارەم داین. کاتێک سەیری بەشێک لەو تیمە گەورانە دەکەین کە نەیانتوانی یەکێک بن لە هەشت یەکەمە، دەبینین پێویستە گەورەیی خۆمان ببینین و زیاتر ئاهەنگ بگێڕین بەم دەستکەوتە
دۆخەکە لای ئەتەلەنتاش ئەرێنییە ، گاسپێرینی لە لێدوانەکەیدا هێندەی دیکە وورە و متمانەی یاریزانەکانی بەرزکردەوە کە لە کۆتا هەفتەدا لەگەڵ بارسێلۆنا بەرامبەربوون. گاسپێرینی لەلای خۆیەوە وتی
ئێمە ئەتەلەنتاین و دڵخۆشین بە یاریکردن لە چامپیۆنز، بۆ ئێمە چیتر شتێکی تازە نیە و چوار ساڵە لێرەین. دەتوانین خۆمان بەرامبەر گەورەکانی ئەورووپا تاقیبکەینەوە . ئامانجی ئێمە نەک تەنیا بردنەوەی چامپیۆنزلیگە بەڵکو بردنەوەی سێ کوچکەی ناسناوەکانە (خولی ئیتاڵیا، جامی ئیتاڵیا و چامپیۆنزلیگ).
دۆخەکە جیاوازە لە یوڤێنتۆس، ئەو یانەیە لە ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراودا دۆڕا بە بەنفیکا بەڵام مۆتا ناهێڵێت کۆنترۆڵ لەدەست بدات و بەرپرسیاریەتی شکستەکە لەئەستۆ دەگرێت
ئەمڕۆ ئێمە شایستەی بردنەوەی نەبووین. بەنفیکا هەلی گۆڵی زیاتری دروست کرد. پێویستە لە بەردەم گۆڵ خێراتر بڕیار بدەین و زوو هەڵەکانمان چاک بکەینەوە. شکستەکە ناخەمە ئەستۆی هیچ یاریزانێک و پێکەوە دەبەین و دەدۆڕێین بەڵام لە کۆتاییدا من بەرپرسیاری یەکەمم لەم ئەنجامە.
لە ئەیسی میلان هەموو شتێک جیاوازە و راهێنەر بە ئاشکرا هێرشی کردە سەر یاریزانەکان. هەر لەم هەفتەیەدا سێرجیۆ کۆنسیساو هەوڵیدا لە کالابریای کاپتن بدات و ئەمڕۆ پاش دۆڕان بە دینامۆ زاگریب وتی
رووداوەکان لە بەرژەوەندی ئێمە نەبوو، جگە لەوە ئێمە نەمانتوانی کارە بنچینەییەکانی تۆپی پێ ش وەک پێویست بکەین. هەر لە سەرەتاوە بەردەوام دەچووینە پێش و بەهۆی هەڵەی تاکەکەسی گۆڵمان نەدەکرد، هەڵە روودەدات بەڵام دەبێت باشتر بن. کاتێکیش بە 10 یاریزان توانیمان ئەنجامەکە یەکسان بکەینەوە، دووبارە هەڵەی تاکەکەسی یاریزانێک بووە هۆی ئەوەی یارییەکە بدۆڕێنین.
میلان بەر لەم یارییە پێنج بردنەوەی دوای یەکی هەبوو، دەیتوانی بە بردنەوە راستەوخۆ بگاتە قۆناغی داهاتوو.