چێڵسی کار لەسەر گواستنەوەی دوو ئەستێرە دەکات
مانچێستەر یونایتد و بایرن میونشن مەرجییان هەیە
یاریگا –
مانچێستەر یونایتد لەسەر گواستنەوەی کریستۆفەر ئێنکونکو سوورە.
تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، مانچێستەر یونایتد دەیەوێت بەخواستن تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە، ئێنکونکو بگوازێتەوە ریزەکانی.
تۆڕە بەریتانییەکە ئاشکرایدەکات، بەرپرسانی باڵای چێڵسی و مانچێستەر یونایتد گفتوگۆیان لەبارەی بژاردەکانی گواستنەوەی ئەستێرە فەڕەنسییەکە کردووە.
هەرچەندە چێڵسی نیازی دەستبەرداربوونی یەکجارەکی یاریزانەکەی نییە، بەڵام لە ئەگەری گەیشتنی ئۆفەرێک بەبڕی 70 ملیۆن پاوەند، بیر لە دەستبەرداربوون دەکاتەوە.
مانچێستەر یونایتد ئامادەیە ئێنکونکو بگوازێتەوە، بەڵام ئەستەمە بتوانێت 70 ملیۆن پاوەند دابین بکات.
سەرچاوەیەک بە سکای سپۆرتس-ی راگەیاندووە
گواستنەوەی هەمیشەیی ئێنکونکو لەم دۆخەدا زۆر، زۆر ئەستەمە.
لەلایەکی دیکەوە، بایرن میونشن هەوڵی زۆری بۆ گواستنەوەی کریستۆفەردا، بەڵام لە کۆتاییدا نەگەیشتنە رێککەوتن و پڕۆسەکە هەڵوەشایەوە.
چێڵسی ئامادەیە گفتوگۆکان لەگەڵ لەگەڵ میونشن دەستپێبکاتەوە، بەڵام بەو مەرجەی میونشن ئامادەیی بۆ دەستبەرداربوون لە ماتیس تێڵ پیشانبدات.
چێڵسی لەسەر چەندین بەرە کار دەکات، لەلایەکی دیکەوە پەنای بۆ گواستنەوەی ئالێخاندرۆ گارناچۆ، ئەستێرەی مان یونایتدیش بردووە.
مان یونایتد ئامادەیە دەستبەرداری چەند یاریزانێک ببێت، تاوەکو خۆی لە سزاکانی دارایی خاوێن بپارێزێت و هاوتەریبی رێساکان هەنگاوبنێت.
هەموو شتێک بزانە؛ چێڵسی و میونشن خەریکی گۆڕینەوەی دوو ئەستێرەن
زانیاریی لەبارەی ئێنکونکو و تێل
ئێنکونکوی تەمەن 27 ساڵ، لە هاوینی ساڵی 2023 گرێبەستێکی شەش ساڵەی لەگەڵ چێڵسی واژۆ کرد، سەرەڕای ئەمەش نەبووەتە یاریزانێکی سەرەکی لە پێکهاتەی مارێسکا.
ئێنکونکو لەم وەرزەدا تەنیا سێ یاریی لە پرێمەرلیگ کردووە، بەڵام لەسەر ئاستی سەرجەم پاڵەوانیەتییەکاندا، ئێنکونکو خاوەنی 13 گۆڵە و گۆڵکاری دووەمی یانەکەیە لە دوای کۆڵ پاڵمەر.
بەر لە گواستنەوەی بۆ لایپزیگ، لەگەڵ پاریس سانجێرمان سێجار نازناوی لیگ وەن و دوو جامی فەڕەنسای بەدەستهێنا.
لەلایەکی دیکەوە، تێل تەمەن 19 ساڵ، لەم وەرزەدا تەنیا بەشداری لە حەوت یاریدا کردووە. هێرشبەرە فەڕەنسییەکە بەر لە گواستنەوەی بۆ میونشن، لە کۆی 59 یاریی لەگەڵ رێن، 33 گۆڵی کردبوو.
لە تەمەنی 17 ساڵیدا، یەکەم گۆڵی خۆی لەگەڵ میونشن لە بەرامبەر ڤیکتۆریا کۆڵۆن کرد و بووە بچووکترین گۆڵکاری یانەکە و ریکۆردی جەمال موسیالای شکاند.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، تێل یاریی بۆ هەڵبژاردەی ژێر 17 و 21 ساڵانی فەڕەنسا کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بانگهێشتی تیمی یەکەم نەکراوە.