لە ئەگەری کشانەوەی سەید سادق سزایەکی قورسی بە سەردا دەسەپێنرێت
یاریگا –
لە ئەگەری کشانەوەی سەید سادق لە یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان سزایەکی قورس دەدرێت.
دوای بڵاوبوونەوەی بە یاننامەی فەرمی لەلایەن یانەی سەید سادقەوە بە کشانەوەیان لە قۆناخی دووەمی یارییەکانی خولی نایابی کوردستان بۆ ئەم وەرزە، یانەکە چاوەڕێی سزایەکی قورس دەکات بەبریار و رێنمایی و پەڕاوەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان.
دەربارەی کشانەوەی یانەکان لە خولەکانی کوردستان، بە پێی پەڕاوەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لە بەندی سێزدەهەم خاڵی دووەم هاتووە کە ” هەر یانەیەک نیوەی یارییەکانی کردبێت و دواتر پاشەکشە بکات، ئەوا ئەنجامەکانی یارییەکانی پێشووتری وەک خۆی دەمێنێتەوە، دواتر سەرجەم یارییەکانی پاشەکشەکە 3 _ 0 بۆ تیپی بەرامبەر هەژمار دەکرێت، دابەزینی یەک پلە بۆ خوارتر و پێبژاردنیشی بە بڕی 5 بۆ 6 ملیۆن دینار.
سەید سادق لە سەرەتای وەرزەوە بەکێشەی دارایی قوڵ تێدەپەڕێ، تاکە یانەی قۆناخی یەکەم بوو کە پێنج راهێنەری گۆڕیوە و بە پێنج خاڵ لە کۆتا ریزبەندی یانەکانی خولی نایابی کوردستان دێت.