تۆڕی وەرزشی یاریگا باشترین پێکهاتەی قۆناخی یەکەمی خولی نایابی کوردستان دەستنیشان دەکات
11 یاریزانی سەرەکی و 7 یاریزانی یەدەک دەستنیشانکراون
یاریگا –
تۆڕی وەرزشی یاریگا باشترین پێکهاتەی ئەم وەرزەی قۆناخی یەکەمی خولی نایابی کوردستان دەستنیشان دەکات، کە 11 یاریزانی سەرەکی و 7 یاریزانی یەدەک دەستنیشانکراون.
ئەمڕۆ شەممە (25ـی یەنایەر/کانوونی دووەمی 2025) قۆناخی یەکەمی وەرزی 2024/2025ـی خولی نایابی کوردستان کۆتایی هات، شێروانە بووە پاڵەوانی زستانەی خولەکە و پێشمەرگەی هەولێریش پلەی دووەمی گرتووە.
لەو پێکهاتەیەی تۆڕی وەرزشی یاریگا دەستنیشانی کردووە، عادل عەلی راهێنەری شێروانە باشترین راهێنەری قۆناخی یەکەم بوو، دوو یاریزانی شێروانە (کۆڕەنگ محەمەد و بیلال ساڵح) لە پێکهاتەی سەرەکیدان، کە لە دەستنیشانکردنی پێکهاتەکە پشت بە ئاماری تاکە کەسی یاریزانەکان و ریزبەندیی یانەکان و باشترین پێکهاتەی مانگانەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بەستراوە.
لە قۆناخی یەکەمی خولی نایابی کوردستان، لەکۆی 105 یاری 257 گۆڵ تۆمارکران، واتە 2.44 گۆڵ لە هەر یارییەک، 442 کارتی زەرد و 22 کارتی سوور بەڕووی یاریزاناندا بەرزکرانەوە، فەرحان شکور هێرشبەری دەربەندیخان بە 14 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەی گرتووە و بیلال نەعنووس هێرشبەری پیشەسازی و میران محەمەد هێرشبەری دەربەندیخان بە 5 ئەسیست پێشەنگی گۆڵدروستکارانیان گرتووە.
دەربەندیخان و شێروانە و زاخۆ بەهێزترین هێلی هێرشبردنیان هەبوو 26 گۆڵیان لە قۆناخی یەکەم کرد، رزگاریش بەهێزترین هێلی بەرگری هەبوو تەنیا 11 گۆڵی لێکراوە.
باشترین پێکهاتەی قۆناخی یەکەمی خولی نایابی کوردستان
گۆڵپارێز: رەوەند عەجیل (هەولێر)
بەرگری: کۆڕەنگ محەمەد (شێروانە)، ئەلحەسەن محەمەد (رزگاری)، گۆران عیماد (پێشمەرگەی هەولێر)
ناوەڕاست: عومەر بیبۆ (زاخۆ)، بیلال ساڵح (شێروانە)، محەمەد خەلیل (برایەتی)، محەمەد دێهقانی (شەقڵاوە)، سەڵاح حەسەن (ئاکرێ)
هێرشبەر: بەڵێن فایەق (چوارقوڕنە)، فەرحان شکور (دەربەندیخان)
راهێنەر: عادل عەلی (شێروانە)
یەدەکەکان: سەرکار سەردار (رزگاری)، گیلێرمی سانتۆس (زاخۆ)، عەلی فایەق (ئاکرێ)، نیعمەت عارف (پیشەسازی)، فرانسیس دادزی (ئاکرێ)، میران محەمەد (دەربەندیخان)، ئەمیر فەرحان (برایەتی).