چوارقوڕنە یەکەم سەرکەوتنی لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان بە دەستهێنا
رانیە لە یاریگای خۆی دوا خولەک شۆککرا
یاریگا –
دوای 14 گەڕ لە یارییەکانی، چوارقوڕنە یەکەم سەرکەوتنی لەم وەرزەی خولی نایابی کورووستان بە دەستهێنا.
لە گەڕی 14ـەی خولی نایابی کوردستان، چوارقوڕنە لە یاریگای خۆی میوانداری دەربەندیخانی کرد و یارییەکەشی بە ئەنجامی 2 _ 0 لێ بردەوە، بەڵێن فایەق پێش وازهێنانی لە چوارقوڕنە هەر دوو گۆڵەکەی سەوز پۆشەکانی دەڤەری راپەرینی تۆمار کرد، بەمەش چوارقوڕنە یەکەم سەرکەوتنی لە وەرزی 2024 _ 2025 ـی خولی نایابی کوردستانی بە دەستهێنا و لە ریزبەندی 14ـەم مایەوە بە 18 خاڵ.
رانیە لە نێو یاریگای خۆی دوا خولەک گۆڵی یەکسان بوونی لێکرا و بە ئەنجامی 2 _ 2 لەگەڵ هەولێر یەکسان بوو، رانیە بە 18 خاڵ لە ریزبەندی حەفتەمە و هەولێریش بە 16 خاڵ لە ریزبەندی 11ـەم دێت.
ئاکرێ بەردەوامە لە ئەنجامە باشەکانی و دووەم سەرکەوتنی لە سەریەکی بە دەستهێنا، ئاکرێ لە بەردەم هاندەرانی خۆی رووبەرووی سیروانی نوێ بوویەوە و یارییەکەشی 2 _ 1 لە یانەکەی سلێمانی بردەوە، هەژار سابیری راهێنەر لە کۆی سێ یاریی دوو سەرکەوتن و شکستێکی هەیە و بە 19 خاڵ لە ریزبەندی شەشەمی خولەکەدێت، سیروانی نوێش 16 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی نۆیەم دێت.
سەید سادق وێڕای گۆڕانکاریەکی زۆر لە پێکهاتەکەی، بوە تاکە یانەی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان هیچ سەرکەوتنێکی نیە، ئەمجارەیان لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەبێ گۆڵ لەگەڵ شەقڵاوە یەکسان بوو، سەید یادق پێنج خاڵی هەیە و لەکۆتا ریزبەندی یانەکان دێت، شەقڵاوەش لەگەڵ راهێنەری نوێ دووەم یارییە سەرکەوتنی تۆمار نەکردووە و بە 12 خاڵ لە ریزبەندی 13ـەی خولی نایابی کوردستان دێت.