ئەستێرەی یاریگا؛ بەڵێن فایەق باشترین یاریزانی گەڕی چواردەمی خولی نایابی کوردستان بوو
لە یاریی بەرامبەر دەربەندیخان دوو گۆڵی کرد
یاریگا –
بەڵێن فایەق باشترین یاریزانی گەڕی چواردەمی خولی نایابی کوردستان بوو، کە لە یاریی بەرامبەر دەربەندیخان دوو گۆڵی کرد و لەلایەن تۆڕی وەرزشی یاریگا بە ئەستێرەی یاریگا هەڵبژێردرا کە هەفتانە باشترین یاریزانی هەر گەڕێکی خولەکە هەڵدەبژێرێت.
بەڵێن فایەق هێرشبەری چوارقوڕنە لە یاریی بەرامبەر دەربەندیخان کە 2-0 بردنەوەیان بەدەستهێنا، لە خولەکەکانی 25 و 96 دوو گۆڵی کرد کە گۆڵی دووەمی بە لێدانی سزا بوو، لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان بووە خاوەنی 8 گۆڵ کە چوار گۆڵی بە لێدانی سزا بوون.
بەڵێن فایەق (25 ساڵان) هاوینی 2022 لە سەیدسادقەوە پەیوەندی بە ریزەکانی چوارقوڕنە کرد و پێشتر یاریی بۆ پێشمەرگەی سلێمانیش کردووە، سێیەم وەرزە لەسەریەک درێسی چوارقوڕنە دەپۆشێت.
شێروانە بووە پاڵەوانی قۆناخی یەکەمی خولی نایابی کوردستان، بە کۆکردنەوەی 27 خاڵ پێشەنگی خولەکەی گرتووە و پێشمەرگەی هەولێریش بە 23 خاڵ لە پلەی دووەمی خولەکە دێت و رزگاریش بە 22 خاڵ سێیەمە.