یاریگا –
یانەی ئێڤەرتنی ئینگلیزی شان دایشی لە پۆستی راهێنەرایەتی دوورخستەوە دوای ئەنجامە کارەساتبارەکانی یانەکە.
یانەکەی شاری لیڤەرپوول لە کۆتا 11 یاریدا خاوەنی تەنها بردنەوەیەکە و کێبڕکێی کۆتا سێ یانەی پرێمەرلیگ دەکات بۆ دوورکەوتنەوە لە ناوچەی دابەزین بۆ چامپیۆنشیپ تەنها خاڵێک لەو ناوچەیەوە دوورە.
دوورخستنەوەی ناوبراو دوای کەمتر دوو ساڵ هات لە وەرگرتنی پۆستە پڕ ئاڵنگارییەکە. بەڵام خاوەنە نوێیەکانی ئێڤەرتن “فرێکدین گروپ” نەیانویست ئارامیی زیاتری لەگەڵدا بگرن و بڕیاری دوورخستنەوەیان دا.
ئەم هەواڵەی دایش تەنها دوای رۆژێک هات لە دوورخستنەوەی جولیان لۆپیتیگی راهێنەری وێستهام یونایتد کە ئەوانیش هەر بەهۆی یئەنجامە خراپەکانەوە راهێنەرە ئیسپانیەکەیان دوورخستەوە.
ئەمشەو ئێڤەرتن لە میانی گەڕی سێیەمی یارییەکانی جامی یەکێتی ئینگلتەرا بەرامبەر پێتەربەرە یاریی دەکەن. وا بڕیارە وەک دۆخێکی کتوپڕ و کاتیی هەریەکە لە کۆڵمانی کاپتنی یانەکە و لێیتۆن باینێسی راهێنەری تیمی خوار 18 ساڵانە سەرپەرشتی یارییەکە بکەن.
لە دەستپێکی وەرزەکەوە تا ئێستا شەش راهێنەر لە خولی ئینگلیزی دوورخراونەتەوە. بە دوورخستنەوەی شان دایش، ژمارەکە لەگەڵ خولی ئیتاڵی یەکسانبووەوە کە لەو خولەش شەش راهێنەر لەسەرکار لادراون تا ئێستا.