عەمار شەعلان گەڕایەوە ئاکرێ و رزگاریش کاپتنی دەربەندیخانی گواستەوە
چەندین یاریزان وازهێنانی خۆیان لە یانەکان راگەیاندووە
یاریگا –
عەمار شەعلان ناوەراستکاری پێشووی ئاکرێ دەگەڕێتەوە یانەکە، رزگاریش گرێبەستی لەگەڵ کاپتنی دەربەندیخان واژۆ کرد.
دوای پەیوەندیکردنی بە مەسافی باشوور بە مەبەستی یاریکردن لە خولی نایابی عێراق، عەمار شەعلان گەڕایەوە ئاکرێ و لە خولی نایابی کوردستان یاریی بۆ ئەو یانەیە دەکات، دوای دەستبەکاربوونی هەژار مەعروفی راهێنەر، چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوو ئاکرێ گۆڕانکاری گەورە لە تیپەکەی بکات.
رزگاری بە فەرمی گرێبەستیان لەگەڵ شوانە کەمال کاپتنی دەربەندیخان واژۆکرد، ئەمڕۆ شوانە یەکەم یەکەی مەشقی خۆی لەگەڵ رزگاری کرد و بۆ یارییەکانی داهاتوو لە خولی نایابی کوردستان یارییان بۆ دەکات.
دوای جێهێشتنی یانەی هەولێر، چەند یانەیەک دەیانەوێت مەحمود شاکری بەرگریکار بگوازنەوە ریزەکانیان، بەڵام بەپێی بە دواداچوونی تۆڕی وەرزشی یاریگا نزیکترین یانە کە مەحمود شاکر گرێبەستی لەگەڵ بکات گازی باکوورە بۆ ئەوەی لە خولی نایابی عێراق یاریی بۆ ئەو یانەیە بکات.
لە گەڵ کردنەوەی دەرگای گواستنەوەی زستانەی یاریزانان، چەندین یاریزان وازهێنان یاخود رۆیشتنی خۆیان لە یانەکان راگەیاندووە، سوهەیب تەها لە سەید سادق و نیما عەزیز گۆڵپارێزی دەربەندیخان و مستەفا نەجیب گۆڵپارێزی چوارقوڕنە و شاکار فاخیر یاریزانی شەقڵاوە و ئەزهەر فەتاح یاریزانی سیروانی نوێ دیاری ئەنوەر یاریزانی ئاکرێ، بە فەرمی وازهێنانی خۆیان لە یانەکان راگەیاندووە.