دەربەندیخان تووشی سزای قورس بوو
یەکێتی تۆپی پێی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە ساڵی نوێ کرد
یاریگا –
یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد و دەربەندیخانیش چەند سزایەکی بەسەردا سەپێنرا.
شەممە ( 4ـی کانوونی دووەمی 2025 ) یەکێتی تۆپی پێی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە ساڵی نوێدا کرد، لەم کۆبوونەوە بریاردرا دەربەندیخان بۆ دوو یاریی بەبێ هاندەر یاری بکات ئەویش بەهۆی ئاژاوەی هاندەرانی لە یاریی نێوان دەربەندیخان و شێروانە، بریاردرا هەر دوو یاریزانی شێروانە هێمن عەلی و ئاسۆ تەیمور بۆ هیچ یانەیەک یاریی نەکەن تاوەکو کێشەکانیان لەگەڵ شێروانە یەکلایی دەکەنەوە.
تەواوی بریارەکانی ئەمڕۆی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان.
1 _ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی ناوبژیوانان (کوپەر) بۆ ئەو ناوبژیوانانەی تاوەکو ئێستا تاقیکردنەوەیان ئەنجام نەداوە لە رێکەوتی 25 _ 1 _ 2025 لە شاری هەولێر.
2 _ کردنەوەی خولی راهێنەرایەتی ئاستی ( B ) لە سەر ئاستی کوردستان لە رێکەوتی 20 _ 1 _ 2025 ( لەماوەیەکی نزیکدا مەرجەکانی بەشداریکردن بڵاودەکرێتەوە ) .
3 _ بۆ سەرجەم یانەکانی بەشداربوو لە خولەکانی کوردستان، بە هیچ شێوەیەک سەرۆکی یانە نابێت ببێتە سەرپەرشتیاری تیپ هەر داواکاریەکی لەم جۆرە رەتدەکرێتەوە .
4_ یانەکانی بەشداربوو لە خولەکانی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کەوا هیچ یانەیەک بۆی نیە ( راگەیەنراو ، بەیاننامە ) دژی ناوبژیوانان لە پەڕەی تایبەتی یانە ( پەیجی یانە ) بڵاوبکاتەوە، بە پێچەوانەوە تووشی سزا دەبن، هەر رەخنە و پێشنیارێک هەبێت بە ڤیدیۆ و نوسرا و بۆمان بنێرن لیژنە تایبەتەکانمان لێکۆڵینەوەی لە سەر دەکات.
5 _ یەکێتی تۆپی پێی کوردستان سوپاسی یانەی سەنگەسەر دەکات لە پای هاوکاری کردنیان لە ماوەی رابردوو.
6 _ یەکێتی تۆپی پێی کوردستان داوا لە لقی شارەکانی یەکێتی تۆپی پێی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەکات کەوا ناوی نوێنەریان بنێرن بۆ ئەوەی هەماهەنگی و پەیوەندی لەگەڵ لیژنەی ناوبژیوانانی کوردستان بکەن.
7 _ رێگەدرا بە یاریزانی یانەی هەولێر ( موئەیەد سەفا ) بە یاریکردن لە خولەکانی کوردستان و هەژمارکردنی وەک یاریزانی ناوەوەی هەرێم.
8 _ هەر یەک لە یاریزانانی یانەی شێروانە ( هێمن عەلی کەریمی) و ( ئاسۆ فاتیح تەیموری ) بۆ یان نیە لە هیچ یانەیەک لە خولەکانی کوردستان یاریی بکەن تاوەکو کێشەکانیان لەگەڵ یانەی شێروانە یەکلایی دەکەنەوە.
9 _ ئاڕاستەکردنی نوسراوێک بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش بە مەبەستی رێگەپێدانی بەشداریکردنی یانەی ئەمواجی موسڵ لە خولەکانی کوردستان.
10 _ ئاگاداری بۆ هەر دوو یانەی پیشەسازی و یانەی کفری بە چاککردنی ئاڵای گۆشەکانیان بە مەرجێک یاسایی و روون بێت بە پێچەوانەوە سزا دەدرێن .
11 _ بە هۆی دواکەوتنی کردنەوەی دەرگای ژووری ناوبژیوانان و ژووری تیپی میوان بریاردرا بە پێبژاردنی یانەی زانکۆی جیهان بە بڕی 250000 دووسەد و پەنجا هەزار دینار، لە ئەگەری دووبارە بوونەوەی تووشی سزای قورستر دەبن.
12 _ بە هۆی هەڵدانی دەبەی ئاو و کەل و پەلی قەدەغەکراو بۆ ناوبژیوان لە لایەن هاندەرانی یانەی رزگاریەوە لە یاری نێوان یانەی رزگاری و یانەی رانیە لە گەڕی دەیەمی خولی نایابی کوردستان، بریاردرا بە پێبژاردنی یانەی رزگاری بەبڕی 500000 پێنج سەد هەزار دینار، دوایین ئاگادارکردنەوە بۆ یانەی رزگاری و لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی سزاکە قورستر دەبێت.
13 _ سەبارەت بە یاریی نێوان یانەی سێمێل و یانەی تەناهی لە گەڕی سێیەمی خولی پلە یەکی کوردستان :
آ _ بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور، بریاردرا بە پێبژاردنی ( دلۆڤان تیجر ) راهێنەری گۆڵپارێزانی سێمێل بە بڕی 250000 دووسەد و پەنجا هەزار دینار.
ب _ بە هۆی دەرچوون لە گیانی وەرزشی و هێرشکردنە سەر ناوبژیوان، بریاردرا بە راگرتنی ( دلۆڤان تیجر ) راهێنەری گۆڵپارێزانی یانەی سێمێل بۆ 2 یاری و لەگەڵ مانەوەی کارتە سوورەکەی، پێبژاردنی بە بڕی 500000 پێنج سەد هەزار دینار، لە ئەگەری دووبارە کردنەوە سزاکە قورستر دەبێت.
ج _ بە هۆی فرێدانی دەبەی ئاو بۆ ناوبژیوان لەلایەن هاندەرانی یانەی تەناهی، بریاردرا بە پێبژاردنی یانەی تەناهی بەبڕی 500000 هەزار دینار، ئاگادار کردنەوەی یانەی تەناهی بە کۆنتڕۆڵکردنی هاندەرانی و بە پێچەوانەوە تووشی سزای قورس دەبن.
14 _ سەبارەت بە یاری نێوان یانەی چوارقوڕنە و یانەی برایەتی لە گەڕی 11ـەمی خولی نایابی کوردستان :
آ _ بە هۆی هێرشکردنە سەر ناوبژیوان بە دەبەی ئاو و کەل و پەلی قەدەغەکراو و بەکارهێنانی یاری ئاگرین و دووبارە بوونەوەیان لەلایەن هاندەرانی یانەی چوارقوڕنەوە، بریاردرا بە پێبژاردنی یانەی چوارقوڕنە بەبڕی 500000 پێنج سەد هەزار دینار و لە ئەگەری دووبارە بوونەوەی تووشی سزای قورستر دەبن.
ب _ ئاگاداری بۆ یانەی چوارقوڕنە بە چاککردنی هێلکاری یاریگاکەی، بە پێچەوانەوە یاری تێدا بەرێوەناچێت.
15 _ سەبارەت بە یاری نێوان یانەی رزگاری و یانەی سەید سادق لە گەڕی 12ـەی خولی نایابی کوردستان :
آ _ بە هۆی فرێدانی یاری ئاگرین بۆ ناو یاریگا لەلایەن هاندەرانی یانەی رزگاریەوە، بریاردرا بە پێبژاردنی یانەی رزگاری بەبڕی 500000 پێنج سەد هەزار دینار، ئاگاداری کۆتایی بۆ یانەی رزگاری بە کۆنتڕۆڵکردنی هاندەرانی، بە پێچەوانەوە سزاکە قورستر دەبێت.
ب _ بە هۆی هەڵسوکەوتی نا وەرزشی و هێرشکردنە سەر ناوبژیوان، بریاردرا بە دوورخستنەوەی بێریڤان سامان کارگوزاری یانەی سەید سادق تا کۆتایی خول.
16 _ سەبارەت بە یاری نێوان یانەی دەربەندیخان و یانەی شێروانە لە گەڕی 11ـەی خولی نایابی کوردستان، بە هۆی رووداوەکانی یاری و لە سەر راپۆرتی سەرپەرشتیاری یاری و ناوبژیوانی یاری، بە هۆی جنێودان و لێدانی جەستەیی لە ناوبژیوانی یاری لەلایەن هاندەرانی یانەی دەربەندیخانەوە بریاردرا بە:
آ _ ئەنجامدانی 2 یاری یانەی دەربەندیخان لە نێو یاریگای خۆی بەبێ ئامادەبوونی هاندەر.
ب _ پێبژاردنی یانەی دەربەندیخان بە بڕی 1500000 ملیۆنێک و پێنج سەد هەزار دینار.
ج _ بە هۆی دەرچوون لە گیانی وەرزشی و هێرشکردنە سەر ناوبژیوان و جنێودان، بریاردرا بە راگرتنی ( هەڤاڵ محەمەد ) یاریزانی یانەی دەربەندیخان بۆ 2 یاری و لەگەڵ مانەوەی کارتە سوورەکەی.
د _ راگرتنی ( زمناکۆ قادر ) یاریدەدەری راهێنەری یانەی دەربەندیخان بۆ 2 یاری.
ھ _ ئاگادارکردنەوەی کۆتایی بۆ ( دڵشاد محەمەد ) راهێنەری یانەی دەربەندیخان و ( هەرێم سەعید ) سەرپەرشتیاری یانەی دەربەندیخان لە کاتی یارییەکان کۆنتڕۆڵی خۆیان بکەن، بە پێچەوانەوە تووشی سزای تووند دەبن.
17_ سەبارەت بە یاری نێوان یانەی هەندرێن و یانەی هەولێر لە گەڕی 12ـەی خولی نایابی کوردستان :
آ _ بە هۆی جنێودان و هێرشکردنە سەر ناوبژیوان، بریار درا بە راگرتنی ( جەمال جەلال ) سەرپەرشتیاری یانەی هەندرێن تا کۆتایی خول و یاوەری نەکردنی تیپەکەی.
ب _ بە هۆی جنێودان و هێرشکردنە سەر ناوبژیوان، بریاردرا بە راگرتنی ( فاخیر عەلی ) راهێنەری گۆڵپارێزانی یانەی هەندرێن بۆ 4 یاری و پێبژاردنی بە بڕی 1000000 یەک ملیۆن دینار.