یاریگا –
یاریزانێکی لیڤەرپوول چیتر حەوسەڵەی مانەوەی نەماوە لە یانەکە و دەیەوێ ئانفیڵد جێبهێڵێ.
فێدێتیکۆ کێیزا کە هاوینی رابردوو بە بڕی 15 ملیۆن یۆرۆ بە گۆڕانکارییەکانەوە دوای بەڕێکردنی لەلایەن یوڤێنتوسەوە، گواسترایەوە بۆ ریزەکانی رێدز. بەڵام ئارنە سڵۆت دەرفەتی یاریکردنی پێنادات.
بەگوێرەی زانیارییەکان کە لە پێگەی ترانسفێرمارکت بڵاوکراوەتەوە، یاریزانە ئیتاڵییەکە داوای لە لیڤەرپوول کردووە بڕوات. ئەوەش دوای تەنها لە 6 مانگ مانەوە لەو یانە ئینگلیزیە.
بۆ هێڵی پێشەوە و لای چەپی یاریگا، سڵۆت بژاردەی زۆری هەیە و ئەرکی کێیزا قورستربووە بۆ کێبڕکێکردن لەسەر پێگەی سەرەکی. ناوبراو دەبێت رکابەرایەتی دووانەی لویس دیاز و کۆدی خاکپۆ بکات تا بتوانێ متمانەی راهێنەرە هۆڵەندیەکەی بەدەستبهێنێ.
فێدێریکۆ بەدرێژایی ئەم وەرزە لە هەرسێ پاڵەوانێتی پرێمەرلیگ، جامی کاراباو و چامپیۆنزلیگ تەنها 123 خولەک یاری کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی فووت میرکاتۆی ئیتاڵی کە کۆتاییەکانی مانگی دیسەمبەری رابردوو بڵاویکردەوە، کێیزا لەپێناو دەستکەوتنی خولەکی زیاتری یاریکردن دەیەوێ لیڤەرپوول جێبهێڵێ. ئاشکراشیکرد یانەکانی ناپۆلی، ئینتەر میلان و فیۆرێنتینا خواستیان بۆ ئەو گواستنەوەیە پیشانداوە.