پێش یارییەکەی ئەمڕۆ رانیە گورزێکی کوشندەی بەردەکەوێت
سێ یاریزانی سەرەکی بەرامبەر شەقڵاوە یاریی ناکەن
یاریگا –
بۆ یارییەکەی بەرامبەر شەقڵاوە، ئەمڕۆ رانیە لە توانای سێ یاریزانی سەرەکی کە یەکێک لەوانە کاپتنی تیپەکە یە بێبەش دەبێت.
لە گەڕی 11ـەی خولی نایابی کوردستان، رانیە لە یاریگای خۆی کاتژمێر 2:15ـی دوای نیوەڕۆ میوانداری شەقڵاوە دەکات، لەم یارییەدا شەقڵاوە بێ راهێنەرە و رانیەش لە توانای سێ یاریزانی سەرەکی تیپەکەی بێبەش دەبێت.
کاردۆست عەلی کاپتنی سوور پۆشەکانی دەڤەری راپەرین بە هۆی کەڵەکە بوونی کارتەکانی یاریی ناکات، مستەفا ئەمین بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوو ئەمڕۆ بێبەش دەبێت، محەمەد ئیبراهیم ناسراو بە حەمە رۆناڵدۆ بە هۆی پێکانەوە ناتوانێ یاریی بکات، شەقڵاوەش دوای دوورخستنەوەی راهێنەرەکەی لە هەفتەی رابردوو، ئەمڕۆ هۆگر یوسف کاپتنی تیپەکە کە بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکات راهێنەرایەتی شەقڵاوەی پێسپێردراوە.
رانیە دوای هێنانی دارا محەمەدی راهێنەر لە دوو یارییدا یەکسان بوونێک و سەرکەوتنێکی تۆمار کردووە و بە 13 خاڵ لە ریزبەندی 11ـەم دێن، شەقڵاوە 10 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 13ـەمی خولی نایابی کوردستان دێت.