باشترینەکانی مانگی رابردووی خولی نایابی کوردستان دەستنیشان کرا
یاریگا –
یەکێتی تۆپی پێی کوردستان باشترینەکانی مانگی رابردووی دەستنیشان کرد و هەر یەکەیان لە یانەیەکی جیاوازن.
باشترینەکانی مانگی دیسێمبەر لەلایەن لیژنەیەک لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستانەوە دەستنیشانکران، غەریب محەمەد راهێنەری سیروانی نوێ دوای سێ سەرکەوتن و یەکسان بوونێک و شکستێک بە باشترین راهێنەری مانگ دەستنیشانکرا، هەژار سابر لە یانەی ئاکرێ بە باشترین سەرپەرشتیاری تیپ بۆ مانگی رابردوو دەستنیشانکرا.
محەمەد خەلیل ناوەراستکاری برایەتی بە باشترین یاریزان بۆ مانگی دیسێمبەر دەستنیشانکرا، محەمەد لە مانگی رابردوو توانیبووی شەش گۆڵ تۆمار بکات وێڕای ئەوەی ئەنجامەکانی تیپەکەی وەک پێویست نەبوو، بەڵام ناوەراستکارەکەی برایەتی بەردەوامە لە درەوشانەوە لەگەڵ تیپەکە.
رەوەند عەجیل گۆڵپارێزی هەولێر بە باشترین گۆڵپارێزی مانگی رابردوو دەستنیشانکرا، رەوەند لە چوار یارییدا چوار کلین شیتی هەبوو هیچ گۆڵێکی لێ تۆمار نەکرا، هەولێریش سێ سەرکەوتن و یەکسان بوونێک و شکستێکی هەبوو لە مانگی رابردوودا.
چوار وەرزە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لە رێگەی لیژنەیەکەوە باشترینەکانی مانگ دەستنیشان دەکات و خەڵاتی تایبەتی یەکێتیەکەشیان پێدەدرێت.