یاریگا –
شێروانە ریزبەندی یەکەمی یانەکانی خولی نایابی کوردستانی وەرگرتەوە و راهێنەری تیپەکەش ستایشی ئاستی یاریزانەکان دەکات.
لە گەڕی نۆیەمی خولی نایابی کوردستان، شێروانە لە یاریگای خۆی میوانداری زاخۆی کرد و یارییەکەشی بە ئەنجامی 3 _ 1 بردەوە، عادل عەلی راهێنەری شێروانە دوای یارییەکە لە رێگای تۆڕی وەرزشی یاریگاوە ستایشی ئاستی یاریزانەکانی کرد بە هۆی ئەو ئاستە بەرزەی لەم یارییە پێشکەشیان کرد کە دوای دوو شکست جارێکی تر گەڕانەوە سەرکەوتن، بە سوود وەرگرتنی یەکسان بوونی پێشمەرگەی هەولێر بەرامبەر سیروانی نوێ، شێروانە بە 19 خاڵ ریزبەندی یەکەمی لە پێشمەرگەی هەولێر وەرگرتەوە.
هەولێر سێیەم سەرکەوتنی لە خولەکە بە دەستهێنا و 2 _ 0 لە چوارقوڕنەی بردەوە، هەولێر لە هەشت یاریی 10 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 10ـیەم دێت، چوارقوڕنەش هەشت یاریی کردووە چوار خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 13ـەم دێت و تا ئێستا هیچ سەرکەوتنێکی بە دەست نەهێناوە لە خولەکە.
دەربەندیخان ئەنجامەکانی لە داکشانە و جارێکی تر نەیتوانی لە یاریگای خۆی سەرکەوتن تۆمار بکات و 2 _ 2 لەگەڵ برایەتی یەکسان بوو، دەربەندیخان 11 خاڵی هەیە لە لە ریزبەندی نۆیەم دێت، برایەتیش 12 خاڵی هەیە لە ریزبەندی هەشتەمی خولی نایابی کوردستان دێت.