یاریگا –
یانەی ریازی سعوودی رێگا بە ئیبراهیم بایش نادات بەشداریی جامی کەنداو بکات، لەوانەیە کاساس ناچار بێت بۆ شوێنی ئەو بانگهێشتی یاریزانێکی دیکە بکات.
گەرچی لەکاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی جامی کەنداو یارییەکانی خولی رۆشنی سعوودی دەوەستێت، بەڵام یانەی ریازی سعوودی بڕیاریداوە رێگا بە ئیبراهیم بایش ناوەڕاستکاری عێراقی یانەکەی نەدات پەیوەندی بە هەڵبژاردەی عێراقەوە بکات.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق چەند رۆژێکە لەگەڵ بەرپرسانی یانەی ریاز لە پەیوەندیدایە بۆ ئەوەی رازی بن گڵۆپی سەوز بۆ ئیبراهیم بایش هەڵبکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا یانە سعوودییەکە رازی نییە رێگا بە بایش بدات بەشداریی جامی کەنداوی 26 بکات.
“إيراهيم بـايش” برفقة منتخـب بـلاده 💪🏻🤩
كـل التوفيـق للدولـي العـراقي ❤️#الرياض pic.twitter.com/e95BWAzZLp— نادي الرياض السعودي (@AlRiyadhFC) December 14, 2024
لەبەر ئەوەی جامی کەنداو بەشێک نییە لە یارییەکانی فیفا و لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانییەوە دانی پێدانەنراوە، بۆیە یانەکان دەتوانن مۆڵەت بە یاریزانەکانیان نەدەن بەشداریی جامی کەنداو بکەن.
تۆڕی وەرزشی یاریگا لە سەرچاوەیەکی نزیک لە ئیبراهیم بایش زانیویەتی، ناوەڕاستکارە عێراقییەکەی ریاز هێشتا بێ هیوا نەبووە و بڕوای وایە دواجار یانەکەی رێگای پێدەدات بەشداریی جامی کەنداو بکات و تاوەکو رۆژی 21ـی ئەم مانگە چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی یانەکەی دەکات بۆ ئەوەی گەشتی کوێت بکات، لەکاتێکدا یانە سعوودییەکە هەواڵی بانگهێشتکرانی بایشی بۆ هەڵبژاردەی عێراق راگەیاندووە.
هەڵبژاردەی عێراق لە دەوحە کەمپێکی مەشق و راهێنانی کردووەتەوە و کاساس و یاریزانەکانی لەوێ خۆیان بۆ پارێزگاریکردن لە جامی کەنداو دەکەن.
ئەگەر یانەی ریاز پێداگیری لەسەر بڕیارەکەی بکات، خیسوس کاساس دەتوانێت ناوی یاریزانێکی دیکە زیاد بکات، شێرکۆ کەریم و هیران ئازاد و محەمەد قاسم لە دیارترین ئەو یاریزانانەن، بەربژێرن بۆ ئەوەی ئەگەر هەر یانەیەک رێگای بە یاریزانە عێراقییەکانی نەدات، کاساس بانگهێشتی ئەوان بکات.