یاریگا –
بەهۆی نەبوونی ئامبوڵانس لە یاریگاکە یاریی رزگاری و پیشەسازی 10 خولەک درەنگتر دەستیپێکرد.
یاریی رزگاری و پیشەسازی لە گەڕی حەفتەمی خولی نایابی کوردستان کە لە رزگاری بەڕێوە دەچێت، بەهۆی نەبوونی ئامبوڵانس لەناو یاریگا، یارییەکە 10 خولەک درەنگتر دەستیپێکرد، لەکاتێکدا وابڕیاربوو یارییەکە کاتژمێر 14:00 دەستپێبکات.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی وەرزشی یاریگا، لە یاریگای رزگاری شوێنی وەستانی ئامبوڵانسەکە نەبووە، سەرپەرشتیاری یارییەکە سەرەتا داوای لە شوفێری ئامبوڵانسەکە کردبوو لەناو یاریگا بچێتە دەرەوە، دواتر هاندەرانیش گلەیی ئەوەیان لێکردبوو بەرچاوی ئەوانی گرتووە و لە شوێنێکی نەگونجاو ئامبوڵانسەکەی وەستاندووە، بۆیە شوفێری ئامبوڵانسەکە تووڕە بووە و یاریگاکەی بەجێهێشتووە، بەڵام دواتر رازیکراوە و گەڕێنرایەوە یاریگاکە.
ئەمڕۆ لە گەڕی حەفتەمی خولی نایابی کوردستان سێ یاریی بەڕێوە دەچێت، کە رزگاری میوانی نوێی یانە نایابەکان یەکەمجارە لە خولی نایابی کوردستان یاریی دەکات.