کۆنتی دوای دۆڕان: لەسەر رێگە راستەکەین
ئەنتۆنیۆ کۆنتی دەڵێت ناپۆلی لەسەر رێگایەکی راست دەڕوات و شکستەکەیان تەنها ئاستەنگی کاتییە.
شەوی رابردوو، یانەی لازیۆ بۆ دووهەم جار لە چوار رۆژدا شکستی بە ناپۆلی هێنا، بەوەش تیمەکەی کۆنتی پلەی یەکەمی خولی ئیتاڵی لەدەستدا.
کۆنتی دوای یارییەکە بۆ دازن وتی
پێم وایە ئەم یارییە نیشاندەری ئەوەبوو کە لەسەر رێگە راستەکەین، چونکە دەتوانین بەشێوەیەکی هێرشبەرانەی چڕ یاری بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت یاریکردنمان لە تۆپی بەرز و تۆپی کۆتایی باشتر بکەین، چونکە ئەمە یەکەمجار نیە کە هێرشی زۆر دروست دەکەین و سوودمان لێ نەبینی بێت. دڵتەنگ نیم بە شکستەکە چونکە یاریزانەکانمان هەموو شتێکیان کرد
شەوی پێنجشەممە، هەر لازیۆ توانی 3-1 شکست بە ناپۆلی بهێنێت و لە جامی ئیتاڵیا دووری بخاتەوە.
لە گەڕی داهاتووی خولی ئیتاڵیدا، ناپۆلی دەبێتە میوانی ئودێنزی و لازیۆش رووبەرووی ئینتەرمیلان دەبێتەوە. ناپۆلی بە 32 خاڵ لە پلەی دووهەمە و لازیۆ بە 31 خاڵ لە پلەی چوارەمە.