یاریگا –
راهێنەرێکی پێشووی مانچێستەر یونایتد پاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەیەکی لەندەنی کە ئێستا بە خراپترین بارودۆخدا تێدەپەڕن.
یانەی وێستهام بە راهێنەرایەتی جولیان لۆپیتیگی بە دۆخێکی خراپدا گوزەردەکەن بەجۆرێک تەنها 6 خاڵ لە ناوچەی دابەزین بۆ چامپیۆنشیپ دوورن.
پۆستی راهێنەرە ئیسپانییەکە لە هەرکاتێک زیاتر لەژێر هەڕەشەدایە و بەگوێرەی زانیارییەکانی فابریزۆ رۆمانۆ یاریی داهاتووی هامەرز بەرامبەر وڵڤرهامپتن وەک کۆتا دەرفەت بە لۆپیتیگی دراوە بۆ راستکردنەوەی رێرەوی ئەنجامەکانیان.
لە نوێترین زانیارییدا کە رۆژنامەی میرەری ئینگلیزی بڵاویکردووەتەوە، وێستهام بیر لە مایکڵ کاریک دەکاتەوە وەک شوێنگرەوەی جولیان.
ئەزموونی کاریک لە بواری راهێنەرایەتی لە یانەی مانچێستەر یونایتد دەستیپێکرد کاتێ لە ساڵی 2021 بەشێوەی کاتی لە پۆستەکەی پێدرا.
ناوبراو ئێستا لەوەتەی ساڵی 2022 لە یانەی میدڵزبەرەیە و لە پلەی پێنجەمی چامپیۆنشیپ دێن دوای 19 هەفتە.