ساری : هەڵەم کرد چێڵسی م جێهێشت بۆ یوڤێنتۆس
ماوریزیۆ ساری پەشیمانە لەوەی وازی لە راهێنەرایەتی چێڵسی هێناوە و گەڕاوەتەوە ئیتاڵیا لە ساڵی 2019دا.
ساری ئێستا بێ کارە پاش ئەوەی لە راهێنەرایەتی لازیۆ دوورخرایەوە لە مانگی چوار دا. ناوبراو لە وەرزی 2018-2019دا راهێنەری چێڵسی ئینگلیزی بوو وە توانی یۆرۆپالیگی بباتەوە، بەڵام دواتر بڕیاری رۆیشتنی دا.
ساری بۆ رۆژنامەی سەنی بەریتانی وتی
دەمتوانی لە چێڵسی بمێنمەوە بەڵام ویستم بگەڕێمەوە ئیتاڵیا بەهۆی ئەوەی دۆخی چێڵسی ئاسان نەبوو. لەو کاتەدا رێگە بە ئەبرامۆڤیچی سەرۆک نەدەدرا بێتە خاکی ئینگلتەرا و تەنها لەو یارییانە دەمبینی کە لە دەرەوەی یاریگای خۆمان بوو. بە تەلەفۆنیش زۆر قسەمان نەدەکرد. هاوکات یانەکە بەڕێوبەری وەرزشی نەبوو، دۆخەکە ئاڵۆز بوو هەربۆیە ویستم بگەڕێمەوە. بەڵام هەڵەم کرد، باشتر بوو بمێنمەوە و لەوێ بەردەوام بم. داوام کرد لە یانەکە رێگەم بدەن بڕۆم، ئەوانیش داوای کەمێک پارەیان لە یوڤێنتۆس کرد و ئازادیان کردم لە کاتێکدا وەرزێکی باشمان لەگەڵ چێڵسی بەڕێکرد. لە پریمەرلیگ سێهەم بووین، گەیشتینە یاری کۆتایی جامی کاراباو و یۆرۆپالیگمان بردەوە
ساری تەنها یەک وەرز لەگەڵ یوڤێنتۆس مایەوە و دواتر بووە راهێنەری لازیۆ، لەو یانەیە دوو وەرز و نیوی بەڕێکرد و لەم ساڵدا ماڵئاوایی لێکردن.