📷: یاریزانانی لیستەر سیتی پەیامێک بۆ راهێنەری چێڵسی دەنێرن
یاریگا –
پێدەچێت یاریزانانی لیستەر سیتی بیری ئەو رۆژانە بکەن کە ئینزۆ مارێسکا راهێنەریان بوو و سەرکردایەتی ئەوانی دەکرد.
وەرزی رابردوو ماریسکا توانی لیستەر سیتی لە چامپیۆنزشیپەوە بگەڕێنێتەوە پرێمەرلیگ، ئەنجامە زۆر باشەکانی سەرنجی بەڕێوبەرانی چێڵسی راکێشا و ئەم راهێنەرەیان وەک سەرکردەوی نوێی یانەکەیان هەڵبژارد.
ستیڤ کوپەریش وەک راهێنەری نوێی لیستەر سیتی هەڵبژێردرا و گرێبەستێکی سێ ساڵەی لەگەڵ ئەم یانەیە واژۆ کرد، بەڵام دۆخەکە بەو شێوەیە نەڕۆیشت کە خۆی و بەڕێوەبەرانی لیستەر و هەروەها هاندەرانی ئەم تیپە چاوەڕوانیان دەکرد و دواجاریش راهێنەرەکە دوای شکستەکەی بەرامبەر چێڵسی و لیستەر بە تەنها دوو بردنەوە و 10 خاڵ لە پلەی 16ی ریزبەندی جێگیر بوون.
ئێستا میدیاکانی دانیمارک وێنە و ڤیدیۆی بەشێک لە یاریزانانی لیستەریان لە ئاهەنگێکدا بڵاودەکەنەوە، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک لە شکستی یانەکەیان بەرامبەر چێڵسی. یەکێک لە یاریزانەکان تابلۆیەکی بەدەستەوەیە کە لەسەری نووسراوە:
“ئێنزۆ بیرت دەکەین”.
دەگوترێت یاریزانانی لیستەر بڕیاریانداوە بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی جەژنی کریسمس زووتر گەشت بکەن بۆ دانیمارک و زووتر پشوو وەرگرن، بەڵام بڵاوبوونەوەی ئەم وێنانە مشتومڕێکی زۆری بۆ یاریزانەکان لە توڕی کۆمەڵایەتی درووست کردووە.