کوردستان

ئەرکان مەنسوڕ وەڵامی رەخنەگرانی دایەوە و یاریزانانی رانیەش بەڵێنەکەیان بردە سەر

Yariga App

یاریگا –

ئەرکان مەنسوڕ دەدرەوشێتەوە و یاریزانانی رانیەش بایکۆتیان شکاند و سەرکەوتنیان تۆمار کرد.

لە گەڕی چوارەمی خولی نایابی کوردستان، رزگاری دوای شکستە گەورە کەی گەڕی رابردوو بەرامبەر دەربەندیخان، لە نێو یاریگای خۆی هاوسەنگی بۆ خۆی گەڕاندەوە و بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر لە سیروانی نوێی بردەوە و ئیبراهیم ئۆلواسی یاریزانی پیشەگەر تاکە گۆڵەکەی تۆمار کرد.

لە هەولێر و تایبەت لە یاریگای هەندرێن، چوارقوڕنە بووە میوانی هەندرێن وهەر دوو یانەش بە گۆڵێک یەکسان بوون، گۆڵی هەندرێن شادومان سەباح تۆماریکرد و گۆڵی یەکسانی چوارقوڕنەش کۆسرەت عەلی تۆماریکرد، هەندرێن و چوارقوڕنە تا ئێستا سەرکەوتنیان لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان بە دەست نەهێناوە.

لە یاریی لووتکەی ئەم گەڕە پێشمەرگەی هەولێر بووە میوانی ئاکرێ و یارییەکەشی بە ئەنجامی 2 _ 1 بە خاوەن ماڵ دۆڕاند، رەفیق ئەمینۆی پیشەگەر گۆڵی یەکەمی ئاکرێ تۆمار کرد و فرانسیس دادزی گۆڵی یەکسانی پێشمەرگەی هەولێری تۆمار کردەوە، لە دوا خولەکی یارییەکەش ئەرکان مەنسوڕ بە لێدانی راستەوخۆ گۆڵی سەرکەوتنی ئاکرێی تۆمار کرد، بەمەش ئەرکان وەڵامی هەموو ئەو دەنگۆیانەی دایەوە گوایە دوای جێهێشتنی دهۆک ئاستی یاریزانەکە بەرەو دابەزین هاتووە، لە دوو یاریی یانەکەی دوو گۆڵی تۆمار کردووە.

دوای شکاندنی بایکۆت بە هۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانیان، یاریزانانی رانیە بەڵێنیان دابوو تۆڵەی شکستی یاریی رابردوو بکەنەوە کە بەرامبەر شێروانە نەهاتە یاریگاوە و بەشکست بۆیان هەژمار کرا، رانیە بە دوو گۆڵی یاریزانان مەحمود فەوزی و دیار عەلی 2 _ 1 لە دەربەندیخانیان بردەوە، تاکە گۆڵی دەربەند گۆڵکاری تیپەکە فەرحان شکور تۆماریکرد.

خشتەی یارییەکانی سبەی لە خولی نایابی کوردستان

بابەتی زیاتر

Back to top button