گولەر پایتەختی ئیسپانیا بەرەو پایتەختی ئینگلاند جێدەهێڵێ
یاریگا –
کورسی یەدەک خەریکە بەتەواوەتی خۆری ئاردا گولەر لە ریاڵ مەدرید ئاوادەکات و دیار نییە کەی متمانەی کارلۆ ئانچیلۆتی بەدەستدەهێنێت.
لاوە تورکیەکە هاوینی 2023 بەرامبەر 20 ملیۆن یۆرۆ لە فەنەرباچێی وڵاتەکەیەوە روویکردە ریزەکانی مەدرید و تاوەکو هاوینی 2029 گرێبەستی لەگەڵ شاهانەکاندا هەیە. ئەگەرچی چاوەڕوانی درەوشانەوەیەکی گەورەی لێدەکرا، بەڵام لەلاین راهێنەرە ئیتاڵیەکە کورسینیشین کراوە، بەجۆرێک لەم وەرزەی لالیگادا لە کۆی 12 یاریی تەنها 270 خولەک بەشداریپێکراوە. لە چامپیۆنزلیگیش 39 خولەک.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فیچاخێسی ئیسپانی، رەنگە ئاردا رێگەی چوون بەرەو ئارسیناڵ بگرێتەبەر کە هۆکارەکەشی کەمی پشتپێبەستنێتی لە ریاڵ.
دەنگۆی دەرچوونی یاریزانە 19 ساڵانەکە جاری یەکەم نییە دێتە نێو میدیاکانەوە، هاوینی رابردووش یانەکانی دەرەوەی ئیسپانیا ویستیان دۆخی ناوبراو لە مەدرید بقۆسنەوە، بەڵام بڕیاریدا جارێ لە یانەکەی بمێنێتەوە.