پێشمەرگەی هەولێر توانای بەرگریکارێکی لە دەستدا
دوو یاریزانی پێشمەرگە لە یارییەکەی ئەمڕۆ تووشی پێکان بوون
یاریگا –
لە یاریی ئەمڕۆی بەرامبەر هەولێر دوو یاریزانی پێشمەرگەی هەولێر تووشی پێکان بوون.
لە گەڕی سێیەمی خولی نایابی کوردستان، پێشمەرگەی هەولێر له یاریگای دووەمی فرانسۆ هەریری 1 _ 0 لە هەولێری بردەوە، لە ناوەڕاستی گێمی یەکەمی یارییەکە نیاز مەغدیدی بەرگریکار تووشی پێکان بوو لە ئەژنۆی و بەم هۆیەوەش یارییەکەی تەواو نەکرد و گۆڕانکاری پێکرا، بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا لە چەند رۆژی داهاتوو نیاز پشکنین بۆ ئەژنۆی دەکات و ماوەی دوور کەوتنەوەی دیاری دەکرێت کە رەنگە چەند مانگێک بخایەنێت.
لە خولەکی 59ـی یارییەکە بژار مەهدی ناوەڕاستکاری پێشمەرگەی هەولێر بە هۆی پێکانەوە یاریگای جێهێشت، بژار دەربارەی پێکانەکەی تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند کەوا تووشی گرژ بوونی ماسولکە هاتووە بە هۆی ماندوو بوونی زۆرەوە، بەڵام ماوەی دوورکەوتنەوەکەی زۆر نابێت و رەنگە بۆ یاریی داهاتوو ئامادەبێت.
پێشمەرگەی هەولێر بە راهێنەرایەتی تەها قادر لە سێ یارییدا دوو سەرکەوتن و یەکسان بوونێکی هەیە و بە حەفت خاڵ لە ریزبەندی دووەمی خولی نایابی کوردستان دێت.