یاریگا –
راهێنەری رانیە دڵگرانە لە و بارۆدۆخەی تیپەکە تێی کەوتووە و دەڵێت تا ئێستا ئێمە و یاریزانانیش لە سەر گیرفانی خۆمان خەرجی دەکەین.
یاریزانانی رانیە ئەمڕۆ هەینی ( 15ـی نۆڤێمبەری 2024 ) بەهۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانیان بایکۆتی مەشق و راهێنانەکانیان کرد، سەیوان فاتح راهێنەری رانیە لە سەر بایکۆتی یاریزانان و کێشەی دارایی یانەکە تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند:
بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان تیپێکی باشمان ئامادەکردووە بەڵام هەندێ کێشە دەبنە رێگر بۆ ئەوەی ئەنجامی باش بەدەست بهێنین، لە سەرەتای دەسپێکی مەشقەوە تا ئێستا ئێمە و یاریزانانیش شایستەی داراییمان وەرنەگرتووە کە 40 رۆژە، کارگێڕی رانیە بەڵێنیان پێداین دوای یاریی زاخۆ مووچەکانمان پێبدەن بەڵام تا ئەمڕۆش پارەکە خەرج نەکراوە، من ئامادەم ئەگەر شەویش بێت مەشق بە یاڕیزانەکان بدەمەوە تەنها دانەبڕێن چونکە کاریگەریمان لە سەر دروست دەکات بۆ یاریی داهاتوو، بەڵام بەمەرجێک کێشەی یاریزانەکان چارەسەر بکرێت چونکە ئاکادارم چەند یاریزانێک پارەی لە ماڵەوە بۆ دێت تاوەکو لێرە خەرجی خۆی پێبکات، لە سەرەتای وەرزەوە تا ئێستا ئێمەش و یاریزانانیش لە سەر گیرفانی خۆمان خەرجی دەکەین، هیوادارم بە زووترین کات ئەم کێشەیە چارەسەر بێت.
رانیە پێش دەسپێکی خولی نایابی کوردستان لە لێواری کشانەوەبوو بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی دارایی و قەرزی وەرزی رابردوو، بەڵام بەرپرسانی ناوچەکە بەڵێنی هاوکاریان پێدان.
دەربارەی بەڵێنەکان و پەیداکردنی پارە تۆڕی وەرزشی یاریگا لە نزیکەوە زانیویەتی کە تا ئێستا هیچ بەرپرسێکی ناوچەکە بە هانای رانیەوە نەهاتووە، چونکە ئەوان بەڵێنی دانەوەی 90 ملیۆن دیناری وەرزی رابردووشیان بە رانیە دابوو بەڵام تا ئێستا یانەکە بێ پشتگیری ماوەتەوە بۆیە ئەگەر بارودۆخ بەمشێوەیە بەردەوام بێت رانیە لە خولی نایابی کوردستان دەکشێتەوە.
لە دوو یاریی رابردووی خولی نایابی کوردستان رانیە سەرکەوتنێک و شکستێکی هەیە، گەڕی داهاتووش لە یاریگای خۆی بەرامبەر شێروانە یاریی دەکات.