پاڵەوانی جامی هەرێمی کوردستان حاڵی پەرێشانە
برایەتی یەکەم سەرکەوتنی لە وەرزی نوێ بە دەستهێنا
یاریگا –
پاڵەوانی جامی هەرێمی کوردستان ئەنجامەکانی خراپە و لە دوو گەڕی رابردووی خولی نایابی کوردستان هیچ خاڵێکی بەدەست نەهێناوە.
لە گەڕی دووەمی خولی نایابی کوردستان، هەندرێن لە یاریگای خۆی بە ئەنجامی 2 _ 0 بە دەربەندیخان دۆڕا، هەر دوو یانە لە گەڕی رابردوو شکستیان هێنابوو، هەندرێن بە راهێنەرایەتی دڵشاد مەعروف لە دوو گەڕی رابردووی خولەکە شکستی هێناوە، پێش دەسپێکی خولی نایابی کوردستانیش لە جامی سوپەری کوردستان بە ئاکرێ دۆڕابوو، وەرزی رابردووش بە سەرکەوتن بەرامبەر ئاکرێ هەندرێن بووە پاڵەوانی جامی هەرێمی کوردستان.
برایەتی لە نێو یاریگای خۆی یەکەم سەرکەوتنی وەرزی نوێی تۆمار کرد و بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر لە شەقڵاوەی بردەوە و یانەکەی بناری سەفینیش تامی یەکەم شکستی چەشت.
بە ئامادەبوونی هاندەرێکی زۆر، دێڕبی کەلار لە نێوان رزگاری و شێروانە بە یەکسان بوون کۆتایی هات و هەر دوو یانەش بوونە خاوەنی چوار خاڵ، سیروانی نوێ لە هەولێر یەکەم یاریی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستانی کرد و بەگۆڵێک لەگەڵ پیشەسازی یەکسان بوو.
خشتەی تەواوکراوی یارییەکانی گەڕی دووەمی خولی نایابی کوردستان.