بۆ یەکەمجار دێڕبی کەلار لە خولی نایابی کوردستان بەڕێوەدەچێت
یاریگا –
گەڕێکی تر لە خولی نایابی کوردستان دەکرێت و بۆ یەکەمجار دێڕبی کەلار لە نێوان رزگاری و شێروانە بەڕێوە دەچێت.
سێ شەممە ( 12ـی نۆڤێمبەری 2024 ) گەڕی دووەمی خولی نایابی کوردستان بەڕێوە دەچێت، برایەتی دوای شکستی لە یاریی رابردوو بەرامبەر رانیە لە یاریگای خۆی رووبەرووی شەقڵاوە دەبێتەوە کە یاری رابردوو لەگەڵ پێشمەرگە یەکسان بوو.
هەندرێن و دەربەندیخان لە یاریگای تیپی یەکەم بەرامبەر یەکتر یاریی دەکەن، هەر دوو یانە لە گەڕی یەکەم شکست بەش بوونە، پیشەسازی لە یاریگای خۆی رووبەرووی سیروانی نوێ دەبێتەوە، پیشەسازی یاریی رابردوو براوە بووە و سیروانی نوێش بە هۆی کشانەوەی ئاڕاڕات یاریی نەکرد و چاوەڕوان بوو.
لە ئیدارەی گەرمیان تایبەت لە کەلار، بۆ یەکەمجار لە مێژووی خولی نایابی کوردستان رزگاری و شێروانە لە دێڕبی کەلار بەرامبەر یەکتر یاریی دەکەن، هەر دوو یانە لە یاریی رابردوو سەرکەوتنیان بە دەستهێناوە و سێ خاڵیان هەیە و چاوەڕوان دەکرێت هاندەرێکی زۆر لە و یارییە ئامادە بێت.
سەرجەم یارییەکانی گەڕی دووەمی خولی نایابی کوردستان کاتژمێر 2ـی دوای نیوەڕۆ بەڕێوە دەچێت.