ریال مەدرید بەرگریکارێکی ئیسپانی دەگوازێتەوە
هەنگاوەکان دەستیانپێکردووە
یاریگا –
ریال مەدرید لە نزیکەوە چاودێری دۆخی ئێمریک لاپۆرت، بەرگریکاری نەسری سعوودی دەکات.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید کەوتووتە دۆخێکی نائاسایی و دەیەوێت بەزووترین کات، کێشەکانی هێڵی بەرگری چارەسەر بکات.
دوای تووشبوونی ئیدێر میلیتاو بە پێکانێکی سەخت و تەواوبوونی ئەم وەرزە بۆ دانی کارڤاخال، پێشبینی دەکرێت، ریال مەدرید زۆر لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەدا چالاک بێت.
دەستەی کارگێڕی بە هەماهەنگی لەگەڵ کارلۆ ئانچێلۆتی، خەریکی هەڵسەنگاندنن بۆ ئاستی چەند یاریزانێکی دیاریکراو، لەوانە لاپۆرت کە لە هاوینی رابردووش، باس لە گواستنەوەی بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەکرا.
پێشتر لاپۆرت حەزی گەڕانەوەی بۆ خولەکانی ئەوروپای نەشاردووەتەوە، بەڵام چاوەڕێی گەیشتنی ئۆفەری گونجاو دەکات.
رۆژنامەکە جەختیکردووەتەوە، ریال مەدرید فشار لە لاپۆرت دەکات، کۆتایی بە گرێبەستەکەی بهێنێت و وەکو یاریزانێکی بێ یانە، دەستبەجێ پەیوەندی بە ریال مەدرید بکات.