بەشداریکردنی ئارارات لە خولی نایابی کوردستان بە نادیاری ماوەتەوە
یاریگا –
یانەی ئارارات تا ئێستا بریاری نەداوە بەشداری وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان دەکەن یاخود نا.
تەنها سێ رۆژ ماوە بۆ دەسپێکی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان 2024 _ 2025 و بەشداریکردنی ئارارات بە نادیاری ماوەتەوە، ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی ئارارات تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند کە هیچ هیوایەک نیە یانەکەمان بەشداری خولەکە بکات و تا ئێستا پالپشتی داراییمان دابین نەکردووە و تەنانەت یاریزان و راهێنەریشمان نیە، بۆیە بەرێژەیەکی زۆر بەشداری خولەکە ناکەین.
هەرچەندە وەلید ئەنوەر لە تیروپشکی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان ئامادەبوو، بەڵام تا ئێستا پاڵپشتی یانەکەی پیرمام نەکراوە و رۆشنایی سەوزیان بۆ هەڵنەکراوە بۆ ئەوەی تیپ پێک بهێنن.
ئارارات چەند وەرزێکە بە قەیرانی دارایی تێپەڕ دەبێت، وەرزی رابردوو لە خولی نایابی کوردستانیش توانی ریزبەندی 13ـەم بە دەستبهێنێت و مانەوەی مسۆگەر کرد.