تۆڕی وەرزشی یاریگا گرێبەستی یانەکانی خولی نایابی کوردستان بۆ وەرزی نوێ بڵاو دەکاتەوە
جموجۆڵەکانی ئاکرێ، شێروانە، پێشمەرگەی هەولێر و رزگاری لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان
یاریگا –
تۆڕی وەرزشی یاریگا گرێبەست و جموجۆڵی یانەکانی خولی نایابی کوردستان بۆ وەرزی نوێ بڵاو دەکاتەوە، یانەکانی ئاکرێ، شێروانە، پێشمەرگەی هەولێر و رزگاری بە واژۆکردنی کۆمەڵێک گرێبەست خۆیان بۆ وەرزی نوێ ئامادە کردووە.
ئاکرێی پاڵەوان ئەرکان مەنسوڕی گەڕاندەوە یانەکەی
ئاکرێ بە راهێنەرایەتی وەلید محەمەد لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان گرێبەستی 17 یاریزانی یانەکەی نوێکردەوە، ئەرکان مەنسوڕ گەرچی چووە ریزەکانی دهۆک، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم گەڕایەوە یانەکە و گرێبەستی لەگەڵ پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان نوێکردەوە.
لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینە 6 یاریزان یانەکەیان بەجێهێشت و 7 یاریزانی نوێش پەیوەندییان بە یانەکە کرد.
پێشمەرگەی هەولێر بۆ وەرزی نوێ خۆی نوێکردووەتەوە
پێشمەرگەی هەولێر دوای رۆیشتنی سەمیر بابۆ لە یانەکە گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە، تەها قادر ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەی گرتووەتە ئەستۆ و چەند ئەستێرەیەکیش یانەکەیان بەجێهێشتووە.
11 یاریزان لە پێشمەرگەی هەولێر ماونەتەوە و گرێبەستەکانیان نوێکردووەتەوە، بەڵام 11 یاریزانیش یانەکەی پیرمامیان بەجێهێشتووە کە وەرزی رابردوو پلەی دووەمیان لەگەڵ یانەکە بەدەستهێنا و دوو وەرز لەمەوبەریش سێ نازناویان بەرزکردەوە.
پێشمەرگە بۆ وەرزی نوێ گرێبەستی لەگەڵ 11 یاریزانی نوێ واژۆ کردووە کە ئارش قەدیری و نیاز مەغدید لە دیارترین یاریزانە نوێیەکانی پێشمەرگەن.
شێروانە 12 یاریزانی نوێێ گواستووەتەوە ریزەکانی
شێروانە کە وەرزی رابردوو پلەی دووەمی لە خولی نایابی کوردستان بەدەستهێنا، بە راهێنەرایەتی عادل عەلی بە گواستنەوەی 12 یاریزانی نوێ چاوی لەوەیە کارە تەواونەکراوەکەی وەرزی رابردووی تەواو بکات، کە بیلال ساڵح یاریزانی پێشووی لە برایەتییەوە گەڕاندەوە ریزەکانی.
یانە کەلارییەکە گرێبەستی 15 یاریزانی یانەکەی نوێکردووەتەوە، بەڵام دەستبەرداری 8 یاریزانی وەرزی رابردووی بووە، کە موئەیەد سەفا یاریزانی لاوی یانەکە روویکردە هەولێر بۆ ئەوەی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یاریی بکات.
رزگاری بە 9 یاریزان خۆی بۆ خولی نایابی کوردستان ئامادە کردووە
میوانە نوێیەکەی خولی نایابی کوردستان بە گواستنەوەی 9 یاریزانی نوێ خۆی بۆ خولەکە ئامادە کردووە، کە یەکەمجارە لە مێژوودا لە ریزی یانە نایابەکان یاریی دەکات و وەرزی رابردوو پلەی دووەمی خولی یانە پلە یەکەکانی بەدەستهێنا.
رزگاری گرێبەستی 19 یاریزانی وەرزی رابردووی نوێکردووەتەوە و دەستبەرداری 10 یاریزانی یانەکەشی بووە.