یاریگا –
پارێزەری ئێمباپێ لەبارەی تۆمەتبارکرانی هێرشبەرە فەڕەنسییەکە لەلایەن خانمێکی سویدی هاتە دەنگ و دەڵێت ‘ئێمباپێ تووشی سەرسوڕمان بووە’.
ماری ئەلێکس کانو بێرنار، پاریزەری کیلیان ئێمباپێ لەبارەی تۆمەتبارکرانی هێرشبەرە فەڕەنسییەکە لەکاتی مانەوەی لە یەکێک لە هۆتێڵەکانی ستۆکهۆڵم بە دەستدرێژیکردنە سەر خانمێکی سویدی لە لێدوانێکی بۆ کەناڵی tf1ـی فەڕەنسی دەڵێت :’ئێوە باسی سکلایەک دەکەن، کە نە ئەو کەسە دیارە کە سکاڵایەکەی کردووە و نە یەکلابووەتەوە سکاڵای لەسەر کێ تۆمار کردووە’.
هەروەها پارێزەرەکەی ئێمباپێ دەشڵێت :’سکاڵا تۆمارکردن راستییەکان ناشێوێنێت، هیچ شتێکیش ناسەلمێنێت، جارێکی دیکە دووبارەی دەکەمەوە، تەنانەت تاوەکو ئێستا نازانین ئایا سکاڵایەکە لەسەر ئێمباپێ تۆمار کراوە یان نا، ئەم هەڵسوکەوتانە بە هیچ شێوەیەک لە ئێمباپێ ناوەشێتەوە، بەڵام ئێمە بە ئاسایی وەریدەگرین چونکە ئەمە یەکەمجار نییە ئەم تۆمەتانە دروست دەکرێن’.
لەبارەی کاردانەوەی ئێمباپێش دەڵێت :’ئێمباپێ ئارام و لەسەرخۆیە، بەڵام واقیوڕماوە، نازانێت چۆن و بە چی تۆمەتبارە، بریکارەکەم هیچ هەڵەیەکی نەکردووە، بەڵام سەری لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی بەشێک لە میدیا ساختەکان سوڕماوە، بۆیە بڕیاری داوە سکاڵایان لەسەر تۆمار بکات’.
ئێمباپێ لەکۆتایی هەفتەی رابردوو دوو رۆژ لە ستۆکهۆڵم مایەوە، رۆژنامەکانی سوید بڵاویان کردووەتەوە ئێمباپێ بە دەسترێژی سێکسی بۆ سەر خانمێکی سویدی تۆمەتبارە، بەڵام تاوەکو ئێستا ناسنامەی خانمەکە نادیارە و بەفەرمیش ئێمباپێ لە سکڵایەکە ئاگادار نەکراوەتەوە.