یاریگا –
یەکشەممەی رابردوو لە دێربی مەدرید ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یاریگای واندا میترۆپۆلیتانۆ میوانداری ریال مەدریدی کرد و یارییەکە بە یەکسانبوون 1-1 کۆتایی هات.
لە کۆتا خولەکەکانی یارییەکە رۆبن لۆ نۆرماندی بەرگریکاری ئاتلێتیکۆ مەدرید بەهۆی بەریەککەوتنێکی توندی لەگەڵ ئۆرێلیەن چوامێنی فەڕەنسی زەبرێکی بەهێز بەر سەری کەوت.
Le Normand sufre un traumatismo craneoencefálico con hematoma subdural.
— Atlético de Madrid (@Atleti) October 1, 2024
ماڵپەڕی فەرمی ئاتلێتیکۆ مەدرید بڵاویکردووەتەوە، دوای پشکنینە پزیشکییەکان دەرکەوتووە ئەو زەبرە بەهێزی بەر سەری لۆ نۆرماند کەوتووە تووشی خوێنبەربوونی ژێر مێشکی کردووە و خوێن لە دەورووبەری مێشکی کۆبووەتەوە و پێکانەکەی سەختە.
وادەی گەڕانەوەی یاریزانە ئیسپانییەکە بۆ یاریکردن دیار نییە، چونکە کاتی چاکبوونەوەی لە پێکانەکەی نادیارە، توانای چاکبوونەوە لەو پێکانە لە مرۆڤێک بۆ مرۆڤێکی دیکە دەگۆڕێت، هەندێک توشبوو لەماوەی چەند هەفتەیەک و هەندێکی دیکەش چەند مانگێکیان پێویستبووە بۆ چاکبوونەوە، بەڵام هەندێک کەسی دیکە دوای تێپەڕینی چەند ساڵێکیش بەتەواوی لە پێکانەکەیان چاک نەبوونەوتەوە.
بۆیە ترسێک هەیە ئەستێرە ئیسپانییەکە بەهۆی ئەو پێکانە کۆتایی بە کاروانی وەرزشی بێت و جارێکی دیکە نەتوانێت یاریی بکات.
رۆبنی تەمەن 27 ساڵان هاوینی رابردوو لەگەڵ ئیسپانیا بووە پاڵەوانی یۆرۆ، دواتر بەبڕی 34.50 ملیۆن یۆرۆ لە ریال سۆسیدادەوە پەیوەندی بە رۆخی بلانکۆس کرد، لەم وەرزە بە درێسی یانە مەدریدییەکە بەشداری هەشت یاریی کردووە.