کوردستان

شەقڵاوە چیتر لە یاریگای خۆی یاریی ناکات

بزانە یارییەکانیان دەگوازرێتەوە بۆ کام یاریگا

Yariga App

یاریگا –

بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان شەقڵاوە چیتر ناتوانێ لە یاریگای خۆی یاریی بکات و دەبێت یاریگایەکی تر دەستنیشان بکات.

ئەمڕۆ پێنج شەممە ( 19ـی ئەیلول / سێبتێمبەری 2024) لێژنەی سەرپەرشتیکردنی یاریگاکان لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان سەردانی یاریگای پێشمەرگەی هەولێر لە پیرمام و یاریگای شەقڵاوەی کرد، لیژنەکە خاڵی تەواوی بە یاریگای پێشمەرگەی هەولێر داو بڕیار درا وەرزی نوێ یانەکە دەتوانێ لە یاریگای خۆی یاریی بکات.

ئەوەی چاوەڕوان دەکرا لە یاریگای شەقڵاوە روویدا، لێژنەی سەرپەرشتی یاریگاکان لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دوای پشکنینی یاریگای شەقڵاوە بریاریدا بە هۆی خراپی چیمەنی یاریگاکە شەقڵاوە ناتوانێ لە یاریگای خۆی یاریی بکات و یان دەبێت چیمەنی یاریگاکە بگۆڕن یاخود یاریگایەکی تر دەستنیشان بکەن.

عوسمان خۆشناو سەرۆکی شەقڵاوە دەربارەی ئەم بریارەی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند؛

دوای سەردانیکردنی لێژنەی سەرپەرشتی یاریگاکان لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بۆ یاریگای شەقڵاوە، بریاردرا یارییەکانی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستانی تێدا بەڕێوە نەچێت ئەمەش بەهۆی خراپی چیمەنی یاریگاکەمانەوەیە، بەڵێ یاریگاکەمان لە رووی چیمەنەکەیەوە خراپ بووە و شایستەی یارییکردن نیە تیایدا، چاوەڕوانی بەرپرسانین بە هانای یاریگاوە بێن و نۆژەنی بکەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانین وەرزی داهاتوو لە یاریگای خۆمان یاریی بکەین و هاندەرانمان بێبەش نەبن لە بینینی یاریی تیپەکەیان، ئەگەر کێشەی یاریگا چارەسەر نەکرێت ئەوا بە ناچاری دەبێت پەنا بۆ یاریگای سۆران یاخود یاریگایەکی شاری هەولێر ببەین، ئەمەش ئەستەمە و خەرجیەکی زۆر لە سەر یانەکەمان دەکەوێت.

کەمتر لە دوو مانگ ماوە بۆ دەسپێکی یارییەکانی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان 2024 _ 2025، لێژنەیەک لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان پێکهێنراوە بۆ سەردانی کردنی یاریگاکانی ئەو یانانەی بەشدارن لە خولەکە و هەر یاریگایەک شیاوی یارییکردن نەبێت یاریی تیایدا بەڕێوە ناچێت.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button