ئیسپانیافه‌ره‌نساگرنگترین

پاریس سانجێرمان بەیاننامەیەک لەسەر ئێمباپێ بڵاودەکاتەوە

لایەنێک نێوەندیگیرییان دەکات

Yariga App

یاریگا –

کۆمەڵەی یانەکانی فەڕەنسا نێوەندگیری لە نێوان پاریس سانجێرمان و کیلیان ئێمباپێ دەکات.

کیلیان ئێمباپێ، لەدوای گواستنەوەی بۆ ریال مەدرید، داوای بڕی 55 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچەی و پاداشتی مانگەکانی ئەپریل/نیسان و مایس/ئایار لە یانە پاریسییەکە دەکات، بەڵام سانجێرمان ئامادەنییە پارەکە خەرج بکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، نوێنەرانی پاریس سانجێرمان ئامادەی دانیشتنێکی لیژنەی یاسایی کۆمەڵەی یانە پیشەگەرەکانی فەڕەنسا (LFP) بوون.

پاریس سانجێرمان لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردووەتەوە

نوێنەرانی ئێمە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لەگەڵ لیژنەی یاسایی کۆمەڵەی یانە پیشەگەرەکانی فەڕەنسا دانیشتن. بەڕوونی رامانگەیاندووە، یاریزانەکە چەندین پابەندیێتی یانەکەی جێبەجێ نەکردووە. دوای پێشکەشکردنی هەموو بەڵگەیەک، لیژنەکە داوای لە ئێمباپێ کردووە، ئامادەی دانیشتنێک ببێت، هەروەها کۆمەڵەکە ئامادەیی پیشانداوە، ببێتە نێوەندگیری نێوان سانجێرمان و ئێمباپێ، تاوەکو کێشەکە بەتەواوی چارەسەرببێت.

ئێمباپێ یانە فەڕەنسییەکە بەوە تۆمەتبار دەکات، 55 ملیۆن یۆرۆ مووچەی سێ مانگ و پاداشتە داراییەکانی نەداوە و داوای ئەو 55 ملیۆن یۆرۆیە دەکات، کە تاوەکو رۆژی 30ـی یۆنیۆ گرێبەستی لەگەڵ یانە فەڕەنسییەکە هەبوو، دواتر بە گرێبەستێکی ئازاد رووی لە ریال مەدرید کرد.

دوای ئەوەی پەیوەندی نێوان ناسر خلێفی سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان و کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری پێشووی یانەکە تێکچوو، یانە فەڕەنسییەکە پێدانی مووچەی ئەو یاریزانەی راگرت، پاریسییەکان دەڵێن لە مانگی ئۆگەست/ئابی 2023 کیلیان بە زارەکی رەزامەندیی داوە لە پاداشتی هاوسۆزی خۆی خۆش بێت کە 80 ملیۆن یۆرۆ بوو.

پێشتر رۆژنامەی لیکیپ رایگەیاندبوو، ئەگەر ئێمباپێ سکاڵایەکەی بباتەوە و پاریس سانجێرمان نەتوانێت کیلیان رازی بکات، لەوانەیە مۆڵەتی بەشداریکردنی لە چامپیۆنزلیگ پێنەدرێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button