یاریگا –
کاپتنی پێشمەرگەی هەولێر دوای 10 وەرز یاریکردن ریزی یانەکەی جێهێشت و وەرزی داهاتوو درێسی یانەیەکی تر دەپۆشێت.
بارزان حەیدەر کاپتن و ناوەڕاستکاری یانەی پێشمەرگەی هەولێر دوای پۆشینی درێسی پێشمەرگە بۆ ماوەی 10 ساڵ ریزی یانەکە جێدەهێڵیت، بارزان بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند کەوا وەرزی داهاتوو درێسی یانەیەکی جیاواز دەپۆشێت لە خولی نایابی کوردستان و بەفەرمی ریزی یانەی پێشمەرگەی هەولێری جێهێشتووە، چەند یانەیەکیش لە سەر هێلن بۆ ئەوەی ناوەڕاستکارەکەی پێشووی پێشمەرگە ببەنە ریزەکانیانەوە، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە.
لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی هەولێر بارزان توانیویەتی سێ نازناوی خولی نایابی کوردستان و یەک جامی هەرێمی کوردستان و یەک جامی سوپەری کوردستان بە دەستبهێنێت، لە مێژووشدا خاوەن زۆرترین نازناوی خولی نایابی کوردستانە کە توانیویەتی شەش جار ببێتە پاڵەوان، جامی هەرێمی کوردستان و جامی سوپەری کوردستانیشی لەگەڵ یانەی زێڕەڤانی بە دەستهێناوە.
لە چەند کاتژمێری رابردوو هەرسێ یاریزانی بەرگریکار سەلام ئەحمەد و نەزیر حەمید و خەسرۆ محەمەد وازهێنانی خۆیان لە ریزی پێشمەرگەی هەولێر راگەیاند، کارگێڕی پێشمەرگە بۆ وەرزی داهاتوو ئەرکی راهێنەرایەتی بە تەها قادر سپاردووە و لە سەر داوای راهێنەریش گرێبەست لەگەڵ چەند یاریزانێکی تازە واژۆ کراوە و چاوەڕوان دەکرێت رۆژانی داهاتووش یاریزانی تر بهێننە ریزی تیپەکەوە.