ئۆڵێمپیادی پاریسکوردستانگرنگترین

بۆ یەکەمجار لە مێژوودا کچێکی کورد مەشخەڵی ئۆڵێمپیاد هەڵدەگرێت

شیلان شەماڵ مستەفا ناوی دەچێتە مێژوو

Yariga App

یاریگا –

بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، کچێکی کورد مەشخەڵی ئۆڵێمپیاد هەڵدەگرێت.

شیلان شەماڵ مستەفا، کچە کوردێکی خەڵکی دیالایە و دانیشتووی شاری فلۆرییە (باشووری پاریس) لە فەڕەنسا، بڕیارە ئەمڕۆ بەشداری لە هەڵگرتنی مەشخەڵی ئۆڵێمپیاد بکات، کە لە ئاسینای پایتەختی یۆنانەوە بەرەو پاریس لەلایەن گروپی جیاوازەوە دەگوازرێتەوە.

شارەوانی فلۆری بە فەرمی داواییان لە شیلان کردووە، لە هەڵگرتنی مەشخەڵی ئۆڵێمپیاد، نوێنەرایەتی شارەکەیان بکات.

شیلان شەماڵ مستەفا، 33 ساڵ لە دیالا لە دایکبووە، خوشکی سێ برایە و باوکی پزیشکی ددان بووە. بە هۆی سرووشتی کارەکەیەوە، لە چەندین شوێنی جیاوازی عێراق ژیاون و دواجار لە لیبیا نیشتەجێبوون، پاشان لە ساڵی 2005 ماڵباتی شیلان چوونە فەڕەنسا، ئەوکاتە شیلان تەمەنی 14 ساڵبوو.

شیلان لە خوێندن سەرکەوتووبووە و ئەندازیاری دیزاینی پیشەسازی تەواوکردووە، سەرباری ئەمەش خەونی گەورەی لە وەرزشدابوو. شیلان لەبارەی حەزی وەرزشەوە دەڵێت

قوتابخانەکانی فەڕەنسا دەرفەتی فێربوونی وەرزشی جیاوازی وەک رەگبی، شاخەوانی، راکردن، تۆپی دەست و تێنسی سەر مێزی بۆ رەخساندم، بەڵام حەزێکی زۆرم بۆ تایکواندۆ هەبوو، بۆیە چوومە نێو جیهانەکەوە.

چۆن شیلان هەڵبژێردرا؟

بەهۆی کاری بەردەوامی و سەرکەوتنی تێیدا، شارەوانی فلۆری بە فەرمی داوایان لە شیلان کرد، ببێتە نوێنەری شارەکەیان لە بەرزکردنەوەی مەشخەڵی ئۆڵێمپیاد، شیلان لەمبارەیەوە دەڵێت

پرسیاریان لێکردم، ئایا رازیت نوێنەرایەتیمان بکەیت؟ بەڕاستی زۆر دڵخۆش بووم وەک عێراقییەک و بەڕەچەڵەک کورد، شتێکی لەمشێوەیە بکەم.

لە منداڵییەوە وەرزش دەکەم و کاتێک هاتمە فەڕەنسا، بە کار و خوێندن سەرقاڵ بووم و ژیانی من بریتیبوو لە ژووری خەوتن و کاروباری ژیانم. هەوڵمدا شتێک بدۆزمەوە، تاوەکو هەست بە بەهای خۆم لە نێو کۆمەڵگادا بکەم. ئاشنای تایکواندۆ بووم و هێزی ناوەوەی خۆم دۆزییەوە. لەم شارەی لێی دەژیم، منداڵان پێویستییان بە فێربوونی هونەری بەرگریکردنە. یەکەمجار کۆمەڵەیەکم دروستکرد، بەڵام ئامانجی گەورەم هەبوو.

دوای چەندین ساڵ لە ئاوێتەبوون لەگەڵ یاریی تایکواندۆ، شیلان بڕیاریدا یەکەم یانەی تایبەت بە وەرزشەکە لە شاری فلۆری دابمەزرێنێت.

شیلان یەکەم کچە پەنابەرە ببێتە بەرپرسی یانەیەکی تایبەت بە تایکواندۆ و زیاتر لە 40 یاریزانی تایکواندۆ لە یانەکەی ئەندامن.

لە سەرەتای ئەم مانگە، وەدیع بەتی، باڵیۆزی عێراق لە فەڕەنسا پێشوازی لە شیلان و ماڵباتەکەی کرد و پیرۆزبایی بەشداریکردنی لە بەرزکردنەوەی مەشخەڵی ئۆڵێمپیادی لێکرد.

بڕیارە 24ی ئەم مانگە یارییەکانی ئۆڵێمپیادی پاریس دەستپێبکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button