ئیسپانیا

سکاڵا لەسەر ریال مەدرید تۆمار دەکرێت

یاریگا –

دانیشتووانی دەوروبەری یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە مەدرید سکاڵایان لەسەر یانەی ریال مەدرید و شارەوانی مەدرید تۆمارکردووە و بە تێکدانی ژینگە تۆمەتباریان دەکەن.

رۆژنامەی ئێلپایسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، دراوسێیەکانی یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە دادگا سکاڵایان لەسەر یانەی ریال مەدرید تۆمارکردووە و یانەکە بەوە تۆمەتبار دەکەن دەیەوێت بۆ فراوانکردنی پارکی وەستانی ئۆتۆمبێڵ لە دەوروبەری یاریگاکەیان زیاتر لە 100 درەخت ببڕێتەوە.

رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاشکرایکردووە، لەو سکاڵایەی دراوسێیەکانی یاریگای سانتیاگۆ تۆماریان کردووە، یانە مەدریدییەکەیان بەوە تۆمەتبار کردووە بەم هەنگاوەی رێژەی سەوزایی لە شارەکەیان کەم دەکاتەوە و بەهۆی فراوانکردنی پارکی وەستانی ئۆتۆمبێڵەکانی یاریگاکەشی قەرەباڵخی و جەنجاڵی لە شەقامەکانی دەوروبەری یاریگاکە دروست دەکات و داوایان کردووە شارەوانی رێگا بەم کارەی ریال مەدرید نەدات.

بەمدواییانە دراوسێیەکانی یاریگاکەی مەدرید گلەیی و گازاندەیان لە دەنگ و ژاوەژاوی ئەو کۆنسێرتانە کردبوو کە لەو یاریگایە ساز دەکرێن، دراوسێیەکانی یاریگاکە بڕوایان وایە ریال مەدرید لەپێناوی بەرژەوەندی یانەکە خەریکە دەست بۆ بەرژەوەندی گشتی دەبات.

ساڵی 2019 دەست بە نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ کرا و بۆ ماوەی پێنج ساڵ کار لەو یاریگایە کراوە، کە دوای نۆژەنکرانەوەی ئێستا یاریگاکە جگە لە یاریی تۆپی پێ پێشوازیی و میوانداریی کۆنسێرتە بەناوبانگەکانی جیهان و چەندان چالاکی دیکە دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button