یاریگا –
مانچێستەر یونایتد بڕیاری کۆتاییداوە و لە دوای یاری کۆتایی جامی FA بەرامبەر مانچێستەر سیتی، ئێریک تێن هاخ لە پۆستی راهێنەرایەتی دووردەخاتەوە.
پێگەی سۆکەر نیوزی هۆڵەندی بڵاویکردووەتەوە، یاری کۆتایی جامی FA دوا یاری تێن هاخ دەبێت لەگەڵ مانچێستەر یونایتد، لە دوای یارییەکە دەستبەجێ دووردەخرێتەوە.
جیانلوکا دی مارزیۆ، رۆژنامەنووسی دیاری گواستنەوەی یاریزانان لە پێگە هۆڵەندییەکە نووسیویەتی
شەیتانە سوورەکان دەستیان بە گەڕان بە دوای شوێنگرەوەی تێن هاخ کردووە، چونکە جیم راتکڵیف، خاوەنی یانەکە بڕیاری دوورخستنەوەی داوە و تەنیا چەند رۆژێکی وەک راهێنەر ماوە.
دوای وەرزە ناجێگیرەکەی مان یونایتد، دەستەی کارگێڕی بڕیاری دوورخستنەوەی تێن هاخی داوە. مان یونایتد پلەی هەشتەمی پرێمەلریگی بەدەستهێنا، بە جیاوازی گۆڵی زۆر، هەروەها تەنیا بە بردنەوەی لە مان سیتی دەتوانێت بەشداری پاڵەوانیەتییەکی ئەوروپا بۆ ساڵی داهاتوو بکات.
مانچێستەر یونایتد لە ئێستاوە بیر لە کیران مەککێنا، راهێنەری ئیپسویچ و گارێس ساوسگەیت، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا کردووەتەوە. هەروەها ناوی تۆماس توخێل، راهێنەری پێشووی بایرن میونشن و ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری چێڵسی لە نێو بژاردەکاندان.
دی مارزیۆ دەڵێت
مەککێنا یەکێک لە دیارترین بەربژێرەکان، ئەمەش دوای وەرزە پڕ دەستکەوتەکەی لەگەڵ ئیپسویچ تاون لە چامپیۆنشیپ و گەیاندنی بە پرێمەرلیگ. هەرچەندە برایتنیش گرنگی بە مەککێنا داوە، بەڵام مانچێستەر یونایتد دەرفەتی زیاتری بۆ رازیکردنی مەککێنا هەیە. ئەوەی لێی دڵنیام، لەدوای تەواوبوونی ئەم وەرزە، تێن هاخ ماڵئاوایی دەکات.
بازاڕی گواستنەوەی راهێنەران لە ئەوروپا گەرمە، ئێستا یانەکانی یوڤێنتوس، بایرن میونشن، چێڵسی و برایتن بە دوای راهێنەر دەگەڕێن.