پریڤیوی یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ؛ بایەر لیڤەرکوزن و ئەلۆنسۆ رووبەڕووی ئاتاڵانتا و رۆما دەبنەوە
یاریگا –
ئەمشەو بایەر لیڤەرکوزنی ئەڵمانی و ئاتڵانتای ئیتاڵی لە یاریگای ئەڤیڤ لە شاری دەلن لە ئێرلەندا یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ دەکەن، ستیفان کۆڤاکس ناوبژیوانی رۆمانۆ بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکە راسپێردراوە.
تەواوی یاریزانەکانی لیڤەرکوزن ئامادەن
چابی ئەلۆنسۆ بەبێ هیچ کێشەیەک بۆ یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ ئامادەیە، چونکە هیچ یاریزانێکی راگیراو و پێکراوی نییە، فلۆریان فریتز کە کاریگەرترین و باشترین یاریزانی یانەکەیە، بە تەواوەتی بۆ یارییەکە ئامادەیە کە ئەم هەفتەیە خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەم وەرزەی بۆندسلیگای بەدەستهێنا.
لە ئاتاڵانتا هەریەکە لە هۆڵم و دێ نوون بەهۆی پێکانەوە بۆ یارییەکە بەردەست نین، گومانیش دەکرێت تۆلۆی و کۆلاسیناک بۆ یارییەکەی ئەمشەو بەرامبەر لیڤەرکوزن ئامادەبن.
کلیلەکانی سەرکەوتنی هەردوو یانە لە یارییەکە
جیانلوکا سکاماکا هێرشبەری ئیتاڵی و ئالێکسێی میرانچوک هێرشبەری رووسی کاریگەرترین دوو چەکی ئەم وەرزەی ئاتاڵانتان، سکاماکا بە تۆمارکردنی شەش گۆڵ و میرانچوک بە چوار ئەسیستی رۆڵی کاریگەرییان هەبوو لە سەرخستنی ئاتاڵانتا بۆ یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ، کە هەرگیز یانە ئیتاڵییەکە ئەم نازناوەی بەدەست نەهێناوە.
فلۆریان فیرتز و ڤیکتۆر بۆنیفاسی و پاتریک شیک سێکوچکەیەکی کاریگەری لیڤەرکوزنن و کۆدی سەرکەوتنەکانی ئەم وەرزەی تیمەکەی چابی ئەلۆنسۆن، ئەم سێکوچکەیە لەم وەرزەی یۆرۆپالیگ بەیەکەوە 14 گۆڵیان کردووە (فیرتز 4 گۆڵ، شیک 5 گۆڵ، کۆنیفاس 5 گۆڵ).
رۆما لە ئاتاڵانتا تامەزرۆترە بۆ دۆڕانی لیڤەرکوزن!
ئەمشەو هاندەرانی رۆمای ئیتاڵی لە هاندەرانی هەردوو یانەکەی یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ زیاتر چاودێری یارییەکە دەکەن و ئەنجامی یارییەکەیان لەلا گرنگە، چونکە ئەنجامی یارییەکە کاریگەری لەسەر چارەنووسی ئەوان دەبێت.
گوورگەکانی رۆما کە لە قۆناخی پێش کۆتایی یرۆرۆپالیگ ئەم وەرزە لەسەر دەستی لیڤەرکوزن کرانە دەرەوە، دەیانەوێت ئەمشەو بە بەردێک دوو چۆڵەکە بکوژن، هەموو هاندەرانی رۆما ئەمشەو هانی ئاتاڵانتا دەدەن.
ئەگەر ئەمشەو ئاتاڵانتا لە لیڤەرکوزن بباتەوە، ئەوا ئاتاڵانتا تۆڵەی یانە ئیتاڵییەکان لە لیڤەرکوزن دەکاتەوە کە نەیهێشت رۆما بگاتە یاریی کۆتایی، لە هەمان کاتیشدا دەبێتە هۆی ئەوەی رۆما بلیتێکی وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ بەدەست بهێنێت.
رۆما کە لەوەتەی وەرزی 2018-2019 لە چامپیۆنزلیگ دابڕاوە، لەبەر ئەوەی پلەی شەشەمی سێریا ئەی بەدەستهێناوە، پێویستی بەوەیە ئاتاڵانتا ببێتە پاڵەوانی یۆرۆپالیگ بۆ ئەوەی راستەوخۆ وەکو پاڵەوانی یۆرۆپالیگ بلیطیکی وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ بەدەست بهێنێت و بلیتەکەی بدرێتە رۆما.
ئەم وەرزە لە سێریا ئەی پێنج یانە (ئینتەر، میلان، یوڤێنتۆس، بۆلۆنیا ، ئاتاڵانتا) دەگەنە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، بەڵام ئەگەر ئاتاڵانتا لە لیڤەرکوزن بباتەوە ئەوا رۆماش مافی بەشداریکردنی دەبێت و دەگاتە چامپیۆنزلیگ.
پاڵەوانێکی نوێی یۆرۆپالیگ دەردەکەوێت
بایەر لیڤەرکوزن و ئاتاڵانتا هەرگیز نەبوونەتە پاڵەوانی یۆرۆپالیگ و هەرکامێکیان نازناوەکە بباتەوە بۆیەکەمجار دەبێتە پاڵەوان، کە چوارەمجارە یانەیەکی ئیتاڵی و ئەڵمانی لە یاریی کۆتایی بەیەک دەگەن، پێشتر سێ جار یانەکانی سێریا ئەی و بۆندسلیگا لە یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ بەیەکگەیشتوون، یانە ئیتاڵییەکان دوو جار نازناوەکەیان بەدەستهێناوە.
بایەر لیڤەرکوزن کە لەم وەرزە 51 یارییە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان تووشی هیچ شکستێک نەبووە، ترسی هەیە سیناریۆی وەرزی 2001/2002 دووبارە بێتەوە کە لە ماوەی هەفتەیەکدا سێ نازناوی لەدەست دا، لیڤەرکوزن دوای ئەوەی نازناوی بۆندسلیگای بەبێ دۆڕان بەدەستهێنا، دەیەوێت نازناوی یۆرۆپالیگ و جامی ئەڵمانیاش بباتەوە و ببێتە یەکەم یانە لە مێژوودا لە وەرزێکدا سیانە بباتەوە بەبێ ئەوەی تووشی هیچ دۆڕانێک بێت.