ئینگلتەرا

براوەی ئەم وەرزەی فانتاسی پرێمەرلیگ چەند خاڵی کۆکردەوە و چی پێدەدرێت؟

یاریگا –

پیاوێکی نەرویجی بە کۆکردنەوەی 2,799 خاڵ پلەی یەکەمی لەم وەرزەی فانتاسی پرێمەرلیگ بەدەستهێنا و زۆرترین خاڵی لەم وەرزە کۆکردەوە و بووە براوەی فانتاسی ئەم وەرزە.

ئەم پیاوە نەرویجییە کە تیمەکەی بەناوی ONKEL BLAA نراوە، ئەم وەرزە بە جیاوازیی 46 خاڵ پلەی یەکەمی بردەوە و لەکۆی نزیکەی 11 ملیۆن یاریزان لە سەرانسەری جیهان توانی پلە یەکەم بەدەست بهێنێت.

یۆناس لە پلاتفۆڕمی X لەبارەی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم نووسیویەتی :لە فانتاسی پلەی یەکەمم بەدەستهێنا!! نازانم چ بڵێم و هیچ وشەیەک نادۆزمەوە گوزارشت لە هەستی خۆم بکەم، من لە منداڵییەوە خەریکی یاریی فانتاسیم’.

فانتاسی پرێمەرلیگ یارییەکی تایبەتی خولەکەیە بۆ هاندەران کە هەر گەڕێک دەتوانن پێکهاتەیەک دەتسنیشان بکەن و پێشبینی ئەنجام و ئاستی باشی یاریزانانی خولەکە بکەن، ساڵی 2002 فانتاسی پرێمەرلیگ دامەزراوە و ئێستا ساڵانە دەیان ملیۆن کەس ئەم یارییە دەکەن.

خەڵاتەکانی پلەی یەکەمی فانتاسی پرێمەرلیگ چین؟

1- گەشتێکی حەفت رۆژی لە ئینگلتەرا و بەخشینی بلیتی VIP هۆسپیتاڵیتی دوو یاریی وەرزی داهاتووی پرێمەرلیگ.

2- سەردانیکردنی بەناوبانگترین و گرنگترین شوێنە گەستیارییەکانی بەریتانیا.

3- گواستنەوە گەیاندن و شوێنی مانەوە بۆ ماوەی حەفت شەو.

4- کاتژمێرێکی دەستی لە مارکەی hublot کە سپۆنسەری پرێمەرلیگە.

5- تۆپێکی فەرمی کۆمپانیای نایکی تایبەت بە یارییەکانی پرێمەرلیگ.

6- ڤیدیۆ گەیمی EA Sports FC.

7- لاپتۆپێک یان مۆبایلێکی سمارتفۆن.

8- ئامێرێکی ئایرپۆد.

9- قەڵەم و تیشێرت و جانتا و کەرەستەی دیکەی جوانکاری.

Back to top button