ئیتاڵیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

گەڕانەوەی کۆمۆ بۆ سێریا ئەی؛ ئەو شۆڕشەی هێنری و فابرێگاس بە سپۆنسەری بازرگانێکی جگەرە کردیان

Yariga App

یاریگا –

یانەی کۆمۆی ئیتاڵی دوای 22 ساڵ جارێکی دیکە گەڕایەوە سێریا ئەی، کە ئەو یانەیە یەکێکە لە یانە دێرینەکانی ئیتاڵیا و لەلایەن گروپێکی ئیندۆنیزی خاوەندارییەتی دەکرێت و فابریگاس و هێنری خاوەنی بەشێک لە پشکەکانی یانەکەن.

یانەی کۆمۆ ساڵی 1907 دامەزراوە، لەوەتەی وەرزی 2002-2003 لە سێریا ئەی دوورکەوتووەتەوە، ساڵی 2016 ئەم یانەیە مایەپووچبوو، هاوژینی مایکل ئیسیان دەیویست ئەم یانەیە بکڕێتەوە، بەڵام بەهۆی لێکەوتە داراییەکانی مایەپووچبوونی یانەکە شکستیهێنا.

فراتێلی هارتۆنۆ سەرمایەدارێکی ئیندۆنیزییە و خاوەنی گروپێکی کۆمپانیای ئیتاڵییە و بازرگانی جگەرە دەکات، ساڵی 2019 پشکەکانی یانەی کۆمۆی بەرامبەر 850 هەزار یۆرۆ کڕییەوە و 150 هەزار یۆرۆ قەرزەکانی یانەکەشی دایەوە، لەوکاتەوە یانەکە پێی نایە قۆناخێکی نوێ.

گرێبەستی سیسک فابریگاس ناوەڕاستکاری پێشووی ئارسێناڵ و بارسێلۆنا یەکەم هەنگاوی کۆمۆ بوو بۆ ئەوەی سەرنجی ئەوروپا رابکێشێت، فابریگاس دوای ئەوەی ساڵی رابردوو بەیەکجاریی وازی لە یاریکردن هێنا بووە راهێنەری تیپی لاوانی یانەکە، دواتریش ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەی گرتە دەست، بەڵام بەهۆی ئەوەی بڕوانامەی دانپێدانراوی راهێنەرایەتی نەبوو، ئۆسیان رۆبێرتس وەکو راهێنەری یانەکە ناوی دەهێنرێت.

سیسک فابریگاس و تێری هێنری خاوەنی بەشێک لە پشکەکانی یانەکەن، واتە لە خاوەندارییەتی یانەی کۆمۆ هاوبەشی فراتێلی هارتۆنۆ دەکەن، ئەم دوو ئەستێرەیەی پێشووی ئارسێناڵ و بارسێلۆنا کاریگەریی تەواویان لەسەر ناوبانگی یانەکە هەیە.

فابریگاس کە خاوەنی بەشێک لە پشکەکانی یانەکەیە و راهێنەری راستەقینەی یانەکەشە، توانی ئالنگارییەکی گەورە بباتەوە و یانەکەی گەیاندەوە سێریا ئەی، بەڵام فابریگاس بەوەندە رازی نییە و چەند جارێک گوتویەتی پڕۆژەیەکی درێژخایەن و گەورەیان بۆ یانەی کۆمۆ هەیە.

دوێنێ هەینی لە یاریگای کۆمۆ کە یاریگاکە تەنیا شوێنی 13 هەزرا هاندەر دەگرێت و کەوتووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری، جیانلوکا زامبرۆتا و جەیمی ڤاردی و چەندان یاریزان و کەسایەتی بەناوبانگ لە دوایین یاریی کۆمۆ ئامادەبوون، کە سەرکەوتنی بۆ ریزی یانە پلە یەکەکانی ئیتاڵیا مسۆگەر کردووە.

تێری هێنری کە پێشتر رایگەیاندووە، بەهۆی زامبرۆتاوە بیرۆکەی کڕینەوەی بەشێک لە پشکەکانی یانەی کۆمۆی بۆ هاتووە، ئێستا لە هەمان کاتدا راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی فڕەنسایە و لە کەناڵی CBS SPORTSـی ئەمریکی شرۆڤەکاری یارییەکانی چامپیۆنزلیگە.

بابەتی زیاتر

Back to top button