ئیسپانیاچامپیۆنزلیگراپۆرتی تایبەتگرنگترین

خۆسێلۆ؛ لە هاندەرێکی نەناسراوی مێرەنگییەوە بۆ ریمۆنتاداچییەکی مێژووی ریال مەدرید

Yariga App

یاریگا –

رۆژانێک خۆسێلۆ بەدوای لینکێک دەگەڕا بۆ ئەوەی بتوانێت سەیری یارییەکی ریال مەدرید بکات، کەچی ئێستا بووەتە ریمۆنتاداچییەکی مێژووی ریال مەدرید.

12 ساڵ لەمەوبەر خۆسێلۆ لە پلاتفۆڕمی X بە تویتێک داوای لینکی پەخشی یارییەکی ریال مەدریدی دەکرد، بۆ ئەوەی بتوانێت وەکو هاندەرێک سەیری یاریی ریال مەدرید بکات، هێرشبەرە 34 ساڵانەکە کە هاوینی رابردوو بە خواستن بەرامبەر نیو ملیۆن یۆرۆ لە ئیسپانیۆلەوە روویکردە ریزەکانی ریال مەدرید، کۆتایی ئەم وەرزە ماوەی خواستنەکەی کۆتایی دێت و دەبێت بگەڕێتەوە یانە کەتەلۆنییەکە.

دوای ئەوەی خۆسێلۆ بە دوو گۆڵ ریمۆنتادای بەسەر بایرن میونشندا کرد و ریال مەدریدی گەیاندە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، لە سۆشیاڵ میدیا وێنەیەکی دیکەی خۆسێلۆ بڵاوبووەوە، کاتێک دوو ساڵ لەمەوبەر لە پاریس لەگەڵ باوکی وەکو هاندەرێکی ریال مەدرید لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ ئامادەیە.

خۆسێلۆ لە یاریی گەڕانەوەی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ کاتێک بایرن میونشن بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لەپێشەوە بوو، لە خولەکی 81 هاتە ناو یاریگا و لە ماوەی سێ خولەکدا لە خولەکەکانی 88 و 91 دوو گۆڵی لەسەریەکی کرد و لۆس بلانکۆسی گەیاندە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.

کردیانە جێنشینی کەریم بێنزێما و ئەویش بووە ریمۆنتاداچی

خۆسێلۆ هاوینی رابردوو دوای رۆیشتنی کەریم بێنزێما گرێبەستی لەگەڵ ریال مەدرید واژۆ کرد، مەدریدییەکان خۆسێلۆیان کردە جێنشینی کەریم کە لە ماوەی دوو وەرزی رابردوو ریمۆنتاداچییەکی نایابی چامپیۆنزلیگ بوو.

خۆسێلۆ لەم وەرزە لە 46 یاری بەشداریی کردووە و تەنیا هەزار و 910 خولەک یاریی کردووە، هێرشبەرە ئیسپانییەکە 16 گۆڵ و 3 ئەسیستی کردووە، واتە لە هەر 119 خولەکێک گۆڵێکی کردووە.

خۆسێلۆ کێیە؟

رۆژی 27ـی مارسی 1990 لە شاری شتوتگارت لە رۆژئاوای ئەڵمانیا لەدایکبووە، لە لاوانی سێلتاڤیگۆ دەستی بە یاریی کردووە و ساڵی 2009 پەیوەندی لاوانی ریال مەدرید کرد و لە 72 یاری 40 گۆڵی تۆمارکرد و ساڵی 2012 ریال مەدریدی کاستیای بەجێهێشت و روویکردە ریزەکانی هۆفینهایمی ئەڵمانی.

خۆسێلۆ لە ریزەکانی یانەکانی ئێنتراخت فرانکفۆرت و هانۆڤەر و ستۆک سیتی و نیوکاسڵ یونایتد و دیپۆرتیڤۆ لاکەڕۆنیا و دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێسیش یاریی کردووە، تاوەکو نەگەیشتە تەمەنی 33 sاڵی بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا نەکرا، ساڵی رابردوو بۆیەکەمجار بانگهێشتی لاڕۆخا کرا و لە 10 یاری 5 گۆڵی کرد.

گەرچی خۆسێلۆ چەندان جار ویستی خۆی بۆ مانەوە لە ریال مەدرید راگەیاندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا یانە مەدریدییەکە هەوڵی هێشتنەوەی خۆسێلۆی نەداوە، کە شاهانەکان دەتوانن کۆتایی ئەم وەرزە بە 1.5 ملیۆن یۆرۆ لە یانەکەیان بیهێڵنەوە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button