یاریگا –
ئەنتۆنیۆ کۆنتی لەگەڵ ناپۆلی گەیشتە رێککەوتن و بۆ ماوەی سێ ساڵ دەبێتە راهێنەری یانە ئیتاڵییەکە.
کەناڵی Rai Sportـی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە، ئەنتۆنیۆ کۆنتی لەگەڵ یانەی ناپۆلی گەیشتە رێککەوتن و ئەم هاوینە ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکە دەگرێتە ئەستۆ و گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2027 واژۆ دەکات.
کەناڵە ئیتاڵییەکە ئاشکرایکردووە، کۆنتی بە مووچەی ساڵانەی 6.5 ملیۆن یۆرۆ ئەرکی راهێنەرایەتی ناپۆلی دەگرێتە ئەستۆ و لەگەڵ ئۆرێلیۆ دی لاورێنتس سەرۆکی یانەکە گەیشتووەتە رێککەوتن و تەنیا واژۆکردنی گرێبەستەکەی نێوانیان ماوە.
کۆنتی (54 ساڵان) کە ساڵی رابردوو دەستی لە راهێنەرایەتی تۆتێنهامی ئینگلیزی کێشایەوە و پێشتر لەگەڵ ئینتەر میلان و یوڤێنتۆس و چێڵسی نازناوی خولی ناوخۆیی بەدەستهێناوە، هاوشانی ستیفانۆ پیۆلی و ڤینچینزۆ ئیتاڵیانۆ بەربژێر بوو بۆ ئەوەی ئەرکی راهێنەرایەتی ناپۆلی بگرنە دەست.
ئەم وەرزە ناپۆلی سێ جار راهێنەرەکەی گۆڕیوە، هەریەکە لە واڵتێر مازاری و رودی گارسیا و فرانچیسکۆ کالزۆنا راهێنەرایەتی یانەکەیان کرد.
ناپۆلی لەم وەرزە پێج گەڕ پێش تەواوبوونی یارییەکانی سێریا ئەی بە کۆکردنەوەی 49 خاڵ لە پلەی هەشتەمی خولەکە دێت، بەمەش وەرزی داهاتوو مافی بەشداریکردنی لە چامپیۆنزلیگ نابێت.