یاریگا –
ئەمشەو یانەی فەنەر باچێی تورکی، دەیەوێت لەگەڵ یاریزانە تەمەن خوار 19 ساڵانەکانی لە جامی سوپەری تورکیەدا، رووبەڕووی گالاتاسەرای ببێتەوە.
ئەمشەو کاتژمێر 21:30، یاری جامی سوپەری تورکیا لە نێوان دوو رکابەرە گەورەکەی تورکیا فەنرباچێ و گاڵاتەسەرای لە شاری ئۆرفا بەڕێوە دەچێت.
بڕیار بوو ئەم یارییە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوو لە سعودیە بکرێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی سعودیە رێگریان لەم کارە کرد، چونکە بڕیاربوو هەردوو تیپەکە بە وێنەی ئەتاتورکەوە لەسەر درێسەکانیان بچنە نێو یاریگاکە، لە دوای رێگری کردنیان لەلایان سعودییەکانەوە، هەردوو تیپەکە بڕیاریاندا لە یاریگا ئامادەنەبن.
لەبەر ئەم هۆکارە یارییەکە بۆ ئەمشەو دواخرا، بەڵام لە هەنگاوێکی مێژووییدا، فەنەرباچێ بەنیازە ئەمشەو لەگەڵ یاریزانانی تیپی خوار 19 ساڵانی لە یاریگادا ئامادە ببێت. یانەی گاڵاتەسەرای باشترین پێکهاتەی خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادە کردووە. بەڵام فەنەرباچێ ئەم کارە دەکات بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا سەبارەت بە (رووداوەکانی ئەم دواییەی یارییەکەی ترابزۆن).
بە گوێڕەی هەواڵی وێبسایتە توورکییەکان، سەیرترین بەش ئەوەیە کە دەیانەوێت تەنها بە نۆ یاریزانەوە ئامادەی یارییەکە ببن و دوای دەستپێکردنی یارییەکە سێ یاریزان بەهۆی ‘پێکان’ەوە یاریگا بەجێبهێڵن. بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی فیدراسیۆن، ئەگەر تیپێک بە شەش یاریزانەوە بمێنێتەوە، ئەوا یارییەکە ئەنجام نادرێت و رکابەرەکەی بەبڕیاری دەستەی بەڕێوەبەری فیدراسیۆنەکە بە براوە دەناسێنرێت، بەڵام لەم حاڵەتەدا ناتوانێت ئاهەنگی جامی پاڵەوانێتی بگێڕێت.
فەنەرباچێ بۆیە ئەم کارە دەکات تاوەکوو ساڵی داهاتوو بتوانێت بەشداری جامی تورکیابکات، چونکە ئەگەر بەشداری جامی سوپەر نەکات ئەوا بۆ دوو وەرزی داهاتوو رێگەی پێنادرێت بەشداری ئەو پاڵەوانەتییانە بکات.