ئاسیاکوردستانمۆندیالی 2026

مەحموود داهوود دوای وەرگرتنی رەزامەندیی فیفا بۆیەکەمجار بانگهێشتی هەڵبژاردەی سووریا کرا

Yariga App

یاریگا –

مەحموود داهوود یاریزانی بەناوبانگی کوردی یانەی شتوتگارتی ئەڵمانی دوای وەرگرتنی رەزامەندیی فیفا بۆیەکەمجار بانگهێشتی هەڵبژاردەی سووریا کرا.

هیکتۆر کوپەر راهێنەری هەڵبژاردەی سووریا لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەکەی بۆ یاریی بەرامبەر میانمار لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 راگەیاند، مەحموود داهوود یاریزانی کوردی یانەی شتوتگارتی ئەڵمانی یەکێکە لە یاریزانە بانگهێشتکراوەکان و بۆیەکەمجار درێسی هەڵبژاردەکە دەپۆشێت.

ئەو کوڕە کوردەی بۆیەکەمجار بانگهێشتی هەڵبژاردەی سووریا کراوە، لە هەڵبژاردەی ژێر 21 ساڵانی ئەڵمانیا یاریی کردووە و لە 22 یاری 4 گۆڵی کردووە، ساڵی 2020 دوو یاریی بانگهێشتی هەڵبژاردەی یەکەمی ئەڵمانیا کرا و بەرامبەر تورکیا و چیک یاریی کردووە، بەڵام دوای ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سووریا رەزامەندیی فیفای وەرگرت ئەو یاریزانە بانگهێشتی هەڵبژاردەی سووریا کرا.

مەحموود داهوود (28 ساڵان) پێشتر لە یانەکانی بۆڕووسیا دۆرتمۆند و بۆڕووسیا مونشنگلادباخی ئەڵمانی یاریی کردووە و هاوینی رابردوو چووە ریزەکانی یانەی برایتنی ئینگلیزی و سەرەتای ئەمساڵ بە شێوەی خواستن گەڕایەوە بۆندسلیگا و درێسی شتوتگارت دەپۆشێت.

مەحموود تەمەنی تەنیا 9 مانگ بووە کاتێک لەگەڵ خانەوادەکەی لە ترسی رژێمی حافز ئەسەد لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بەرەو ئەڵمانیا هەڵاتوون و لەوێ نیشتەجێ بوون، ئەو کوڕە کوردە ساڵی 1996 لە شاری عاموودا لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان لەدایک بووە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button