ئیسپانیاگرنگترین

بەفەرمی ریال مەدرید سکاڵای لەسەر بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید تۆمارکرد

یاریگا –

ریال مەدرید سکاڵا لەسەر هاندەرانی بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید تۆماردەکات.

چوارشەممەی رابردوو لە یاری گەڕانەوەی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ، ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یاریگای واندا میترۆپۆلیتانۆ میوانداری ئینتەر میلانی کرد، لە هەمان کات بارسێلۆنا لە یاریگای مۆنجویک میوانداری ناپۆلی کرد و هەردوو یانە ئیسپانییەکە گەیشتنە قۆناخی چارەکی کۆتایی.

بەر لە یارییەکە هاندەرانی هەردوو یانە لە بەردەم یاریگای خۆیان سوکایەتی رەگەزپەرستی بە ڤینیسیۆس جونیۆری ئەستێرەی ریال مەدرید دەکەن و بە مەیمون ناوی دەهێنن. چەندین هوتافی جیاوازی ناپەسەندی دیکەی لەدژ دەڵێنەوە.

کەمێک لەمەوبەر ریال مەدرید بە فەرمی رایگەیاند، ساكاڵایان لەسەر هاندەرانی هەردوو یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید و بارسێلۆنا تۆمارکردووە، داوا دەکەن بەزووترین کات رەگەزپەرستان بە سزای یاسایی بگەیەنرێن.

ریال مەدرید لە داواکاری گشتی سکاڵای یاسایی لەدژی ئەو کاسانە کردووە کە لەبەردەم یاریگای مۆنجویک و واندا میترۆپۆلیتانۆ سوکایەتی رەگەزپەرستییان بە ڤینیسیۆس جونیۆر کردووە.

ریال مەدرید داوای لە داواکاری گشتی کردووە داوا لە هێزە ئەمنییەکان بکات لە رێگەی کامێرای چاودێری کەسە رەگەزپەرستەکان بدۆزنەوە و سزایان بدەن.

یانەکەمان ئیدانەی ئەو هێرشە توندوتیژیە رەگەزپەرستی و جیاکاری و رق و کینەیە دەکات، کە بەداخەوە چەند جارێکە دەکرێتە سەر ڤینیسیۆس، بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە بەهاکانی تۆپی پێ و وەرزش.

هەر دوای رووداوەکە، ئەستێرە بەرازیلییەکە لە پلاتفۆڕمی ئێکس پەیامێکی بۆ رەگەز پەرستەکان نارد، ئاگاداری کردنەوە کە سکاڵای یاسایی تۆماردەکات.

هیوادارم پێشتر بیرتان لە سزای یوێفا كردبێتەوە، ئەوە راستییەكی دڵتەزێنە تەنانەت لەو یارییانەشدا روودەدات كە منی تێدا نیم.

هاوکات یەکێتی تۆپی پێی بەرازیلیش بەخێرایی هاتە سەر هێڵ، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و بە توندی ئیدانەی ئەو کارە قێزەونە دەکات

بابەتی زیاتر

Back to top button