فۆرمولا وەنگرنگترینیاریگا

خەڵاتی گەورەی سعودیە؛ هیچ شۆفێرێک ڤێرستاپنی پێ راناگیرێت

ڤێرستاپن یەکەمی ریزبەندە و رێدبوڵیش تاوەکو ئێستا باشترینی تیمی وەرزە

یاریگا –

ماکس ڤێرستاپن، شۆفێری تیمی رێدبوڵ بووە پاڵەوانی خەڵاتی گەورەی سعودیە بۆ کێبڕکێیەکانی فۆرمولا وەن.

لە کێبڕکێی دووەمی وەرزی نوێدا و بە ئامادەبوونی سەدان کەسایەتی وەرزشی و سیاسی وەک میر عەبدولعەزیز فەیسەڵ، وەزیری وەرزشی سعودیە، جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری پۆرتوگالی، زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ، کەریم بێنزێما، جۆتا، فابینیۆ و فەیسەڵ غامدی یاریزانانی ئیتیحاد. ڤێرستاپن جارێکی دیکە بووەوە پاڵەوان.

پاڵەوانی سێجارەی جیهان، بە جیاوازی 13 چرکە پێش سێرجیۆ پێرێزی هاوتیمی خۆی کەوت. ئەمە باشترین دەستپێکە بۆ شۆفێرە هۆڵەندییەکە و تیمی رێدبوڵ.

چارل لوکلێر، شۆفێری تیمی فێراری پلەی سێەمی بەدەستهێنا.

گۆڕەپانی کۆرنیشی جەدە – سعودیە

ڤێرستاپن نۆیەم بردنەوەی لەسەریەک بەدەستهێنا، چونکە لە کێبڕکێی خەڵاتی گەورەی ژاپۆنەوە بەردەوام یەکەمی کێبڕکێیەکان بووە و کۆی خاڵەکانی لەم وەرزەدا بۆ 51 بەرزکردەوە و پێرێزی هاوتیمی نزیکترین رکابەرییەتی و 36 خاڵی کۆکردووەتەوە.

رێدبوڵ بە کۆکردنەوەی 87 خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندی تیمەکان دێت و فێراریش بە 49 خاڵ پلەی دووەمی تیمەکانی گرتووە.

ئۆسکار پیاستری، شۆفێری تیمی مەکلارن پلەی چوارەمی بەدەستهێنا و فێرناندۆ ئاڵۆنسۆ، شۆفێری تیمی ئاستۆن مارتن لە پلەی پێنجەم و جۆرج رەسڵ، شۆفێری تیمی مێرسێدێس لە پلەی شەشەمدا هات.

ئۆلیڤەر بیرمان، وەک شۆفێری یەدەک بۆ کارلۆس ساینز لە تیمی فێراری بەشداری کێبڕکێیەکەی کرد و پلەی حەوتەمی بەدەستهێنا. ساینز بەهۆی هەوکردنی ریخۆڵەکوێرەی، نەیتوانی بەشداری کێبڕکێیەکە بکات.

هەریەکە لە لاندۆ نۆریس، شۆفێری تیمی مەکلارن و لویس هامڵتن، شۆفێری تیمی مێرسێدێس لە پلەکانی هەشتەم و نۆیەمدا هاتن.

ماکس ڤێرستاپن
ماکس ڤێرستاپن لە کاتی بوونی بە پاڵەوانی کێبڕکێیەکە – جەدە، سعودیە

ڤێرستاپن دەرچووی یەکەمی خەڵاتی گەورەی سعودیە بوو، تاوەکو کۆتایی کێبڕکێیەکەش لە پلەی یەکەمدا مایەوە. پێرێز توانی پێش لوکلێر بکەوێتەوە و پلەی دووەمی لێبستێنێت.

رووداوێکی نەخوازراو لە سووڕی سێیەمی کێبڕکێیەکە روویدا، کاتێک ئۆتۆمبێلەکەی لانس ستڕۆڵ، شۆفێری ئاستۆن مارتن بەر دیوار کەوت و بووە هۆکاری دوورخستنەوەی لە کێبڕکێیەکە.

ڤێرستاپن تایەی توندی بۆ 40 سووڕ بەکارهێنا، هەرچەندە خۆی حەزی بەو جۆرە تایانە نییە، بەڵام لە دوای کێبڕکێیەکە روونیکردەوە، بە ناچاری تایە توندەکانی بەکارهێناوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button