ئیسپانیا

ریال مەدرید لە ئێستاوە گومانی لە ناوبژیوانی یاریی کلاسیکۆ هەیە

یاریگا –

لێکەوتەکانی رووداوەکانی یارییەکەی ڤالێنسیا و ریال مەدرید بەردەوامن، لە ئێستاوە مەدریدییەکان گومانیان لە ناوبژیوانی یاریی کلاسیکۆ دروست کردووە.

رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، دوای ئەوەی ڤالێنسیا و ریال مەدرید لە گەڕی بیست و حەفتەمی لالیگا 2-2 یەکسانبوون و خیل مانزانۆ ناوبژیوانی یارییەکە گۆڵێکی بێڵینگهامی رەتکردەوە، یانەی ریال مەدرید لە ئێستاوە گومانیان لە ناوبژیوانی یاریی کلاسیکۆ هەیە و بە دوودڵییەوە لە ناوبژیوانی یاریی کلاسیکۆ دەڕوانن.

رۆژنامە مەدریدییەکە ئاشکرایکردووە، بەرپرسانی ریال مەدرید پێیانوایە بە ئەنقەست تەگەرە و بەربەست لە بەردەم ئەوان دروست دەکرێت بۆ ئەوەی بارسێلۆنا بتوانێت بگەڕێتەوە نێو کێبڕکێیەکانی لالیگا، پێیانوایە لالیگا کەوتووەتە ژێر فشارەکانی قسەکانی ئەمدواییەی چاڤی هێرناندێز و خوان لاپۆرتا.

لە ئێستاوە ریال مەدرید بیر لە ناوبژیوانی یاریی کلاسیکۆی لالیگا دەکاتەوە کە رۆژی 21ـی مانگی داهاتوو لە گەڕی سی و دووەمی خولەکە دەکرێت، مەدریدییەکان پێیانوایە لەم یارییانەی دوایی ناوبژیوانان بوونەتە هۆی لەدەستدانی شەش خاڵی ریال مەدرید.

ریال مەدرید بە کۆکردنەوەی 66 خاڵ پێشەنگی لالیگای گرتووە و حەفت خاڵ لەپێشەوەی جیرۆنای دووەم و هەشت خاڵ لەپێشەوەی بارسێلۆنای سێیەم دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button