ئه‌وروپائیسپانیا

ڤینیسیوس تۆڵەی خۆی لە هاندەرانی ڤالێنسیا کردەوە

یاریگا –

دوێنێ شەو سپی پۆشەکانی مەدرید نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنن، بەڵام ڤینیسیۆس تۆڵەی خۆی لە هاندەرانی ڤالێنسیا کردەوە و باشترین ئاستی خۆی پێشکەش کرد.

یاری نێوان ڤالێنسیا و ریال مەدرید لە مێستایا کاتژمێر 23:00 دەستی پێکرد. هێزە ئەمنییەکان بەر لە دەستپێکی یاریی رەچاوی گرژی و ئالۆزییەکانیان کردبوو، هەر لەبەر ئەمە پۆلیس پاسەکەی ریال مەدریدی بە رێگایەکی جیاوازدا برد تاوەکوو بەناو هاندەرانی ڤالێنسیادا نەڕۆن، بەڵام هاندەران لە یاریگاکەدا ژەهری خۆیان بەرامبەر ڤینیسیۆس جونیۆر و کارلۆ ئەنچیلۆتی رشت.

لەکاتی خوێندنەوەی پێکهاتەی ریال مەدرید، دوای ئەوەی بێژەرەکە ناوی کارلۆ ئەنچیلۆتی و ڤینیسیۆس جونیۆری خوێندەوە، هاندەرانی ڤالێنسیا قسەی نەشیاویان کرد و دروشمی “ئێوە کۆمەڵێک زبڵ و خاشاکن” بەکارهێنا.

هەروەها لەسەر لافیتەکانیان بە دیزاینێکی گرافیکەوە هاندەرانی ڤالێنسیا ئەستێرە بەڕازیلییەکەیان بە “پینۆکیۆ” کەسایەتی کارتۆنی وەسف کردبوو. مەبەستیان لەم کارە ئەوەبوو کە ڤینیسیۆس لەسەر رووداوەکانی وەرزی رابردوو درۆی کردووە و هاندەرانی سوکایەتی رەگەزپەرستیان پێنەکردووە.

بەڵام بەم هەموو ئەم مشوتوومڕیەوە یارییەکە دەستی پێکرد. ڤینیسیۆس لە زۆربەی خولەکەکانی گێمی یەکەمدا لەلایەن بەشێک لە هاندەرانەوە سوکایەتی پێدەکرا، رەنگە هەر بۆیەش تا کۆتا چرکەکانی خولەکی 45 نەیتوانی خۆی بەباشترین شێوە نیشان بدات. دواتر بەر لە فیکەی ناوژیوان توانی گۆڵی یەکەمی یانەکەی بکات. بەڵام ئەم گۆڵە بۆ بێدەنگ کردنی هاندەران بەس نەبوو چونکە یانەکەی ئەوان بە 2 گۆڵ لە پێش بوو و گۆڵەکەی ڤینی تەنیا جیاوازییەکەی کەمتر کردەوە.

لە گێمی دووەمدا یاریزانەکانی تری ریال هەموو هەوڵێکیان دا بۆ یەکسان کردنەوە یارییەکە و دوورکەوتنەوە لە دۆڕان لە دەرەوەی یاریگای خۆیاندا، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بوو. لە خولەکی 76 دا جارێکیتر ڤینی تۆڕی گۆڵی رکابەرەکەی کردەوە و ئامادەبووانی مێستایای بێدەنگ کرد.

ڤینی لە هەمان یارییەکەی پێشووە خەیاڵی ئەم ساتەوەختەی لە مێشکیدا دەکرد، ئەمشەو توانی وا بکات تۆڵەی خۆی لە هاندەران بکاتەوە هەر لەبەر ئەمە دوای گۆڵی یەکسانکردنەوە، چووە لای هاندەران بەدەست ئاماژەی بێدەنگ بوونی پێکردن.

هەرچەندە گۆڵەکەی ئەو ئەستێرە بەڕازیلییە بەشێک لە مێستایای بێدەنگ کرد، بەڵام لە ساتەکانی کۆتاییدا مشتومڕێکی دیکە دەستیپێکرد. فیکەی کۆتایی لەلایەن ناوبژیوانەوە لەکاتێکدا ریال مەدرید لە کاتی هێرش بردندا بوو و گۆڵەکەی بێڵینگهام هەژمار نەکرا، ململانێی و ناکۆکی نوێی دەستپێکرد.


ئەمجارە ناکۆکییەکان لە نێوان ڤینیسیۆس و هاندەرانی ڤالێنسیا نییە و ماوەتەوە بزانین چارەنووسی ئەڵقەی نوێی ڤالێنسیا و ریال مەدرید چی دەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button