بازاڕی گواستنه‌وه‌

کۆن لەژێر سەرپەرشتی تیڤێز لە ئارجێنتینا دەرگای لێکراوەتەوە، ئەگوێرۆ دەگەڕێتەوە یاریگاکان؟

یاریگا –

ئەگوێرۆ لەلایەن کارلۆس تێڤێز راهێنەری ئێستای ئیندیپێندێتی ئارجێنتینی دەرگای بەڕوودا کراوەتەوە بۆ ئەوەی دووبارە دەست بە یاریی بکاتەوە، بەڵام هێشتا کۆن دڵنیا نییە و پێویستی بەوەیە پزیشکەکان گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵ بکەن.

لە چەند رۆژی رابردوو میدیاکان بڵاویانکردەوە، سێرخیۆ ئەگوێرۆ لە یانەی ئیندیپێندێتی ئارجێنتینی کە کارلۆس تێڤێز راهێنەرایەتی دەکات، دەست بە مەشق و راهێنان دەکاتەوە، بەڵام کۆن ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت :’ئەمە تەنیا درۆ و پڕوپاگەندەیە، من لەگەڵ ئیندیپێندێت دەست بە راهێنان ناکەمەوە، من ئێستا تەندروستیم باشە و ئەمە گرنگترین شتە، بەڵام ئەگەر بمەوێت دەست بە یاریی بکەمەوە، پێویستە چەندان پشکنینی دیکە بکەم بۆ ئەوەی پزیشکەکان زیاتر دڵنیا ببنەوە، ئەگەر تێڤێز داوام بکات بچمە ئیندیپێندێت پێویستە راوێژ لەگەڵ پزیشکەکان بکەم ئینجا بڕیار بدەم’.

لە کۆتاییەکانی ساڵی 2021 ئەگوێرۆ لە یاریی نێوان بارسێلۆنا و ئالاڤێس کەوتە سەر زەوی و نەیتوانی یارییەکە تەواو بکات، دواتر لە پشکنینە پزیشکییەکان دەرکەوت ئەو یاریزانە لێدانی دڵی رێکخراو نییە و پزیشکەکان ئامۆژگارییان کرد بەیەکجاریی واز لە یاریکردن بهێنێت، ئەگوێرۆ بە ناچاری لە تەمەنی 33 ساڵی وازی لە یاریکردن هێنا.

کارلۆس تێڤێز کە ئێستا راهێنەرایەتی یانەی ئیندیپێندێتی ئارجێنتینی دەکات، لەبارەی بانگهێشتکردنی ئەگوێرۆ بۆ یاریکردن لە یانەکەی دەڵێت :’کەس هەیە ئەگوێرۆی نەوێت؟ من وەکو هاوڕێیەکی دێرینم و ئێستاش وەکو راهێنەرێک حەز دەکەم لە یانەکەمان یاریی بکات ئەگەر بۆ 10 یان 15 خولەکیش بێت’.

ئەگوێرۆ لە یانەی ئیندیپێندێتی دەستی بە یاریکردن کردووە و لە کاروانی وەرزشی خۆیدا لە ریزی یانەکانی ئیندیپێندێتی، ئاتلێتیکۆ مەدرید، مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوول لە 685 یاری 385 گۆڵ و 119 ئەسیستی کردووە، 18 نازناوی لە کاروانی وەرزشی خۆیدا بەرز کردووەتەوە.

Image

بابەتی زیاتر

Back to top button