ئیسپانیا

هێنری: جگە لە گواردیۆلا هیچ راهێنەرێکی دیکەم وەکو چاڤی بیرمەند و بلیمەتم نەبینیوە

یاریگا –

هێنری ستایشی چاڤی دەکات و دەڵێت ‘جگە لە گواردیۆلا هیچ راهێنەرێکی دیکەم وەکو چاڤی بیرمەند و ژیر نەبینیوە’.

تێرێ هێنری ئەستێرەی پێشووی بارسێلۆنای ئیسپانی کە ئێستا لە کەناڵی CBS SPORTـی ئەمریکی شرۆڤەی یارییەکانی چامپیۆنزلیگ دەکات، دوای یارییەکەی ناپۆلی و بارسێلۆنا لەبارەی چاڤی هێرناندێز گوتی :’سڵاو هاوڕێکەم، لەلام گرنگ نییە خەڵکی چی دەڵێن، من بە کارەکانت وەکو راهێنەری بارسێلۆنا سەرسامم، تۆ نازناوی لالیگات بۆ یانەکە بەدەستهێنا، من زۆر شت لەبارەی تۆپی پێ لە تۆ فێربووم، لە رووی بیرمەندی و ژیری و پلانەوە جگە لە پێپ گواردیۆلا هیچ راهێنەرێکی دیکە بە تۆ بەراورد ناکرێت’.

هەروەها هێنری لەبارەی کارەکانی چاڤی وەکو راهێنەری بارسێلۆنا گوتیشی :’ریکارد کاتێک بووە راهێنەری بارسێلۆنا سەرەتا وەکو پێویست نەبوو، گواردیۆلاش بە هەمان شێوە بوو، بەڵام چاڤی کاتێک بووە راهێنەری بارسێلۆنا نازناوی لالیگای بۆ یانەکە بەدەستهێنا، لەکاتێکدا تیپەکەی لاو بوون و یانەکەش لە دەرەوەی لاکێشەی سەوز چەندین کێشەی هەبوو، هەمووان بیریان چووە چاڤی لە چ دۆخێکدا نازناوی لالیگای بۆ یانەکە بەدەستهێناوە’.

هەروەها تێری گوتیشی :’من لە بارسێلۆنا بووم بۆ ماوەی سێ ساڵ، بۆیە دەزانم لەوێ چ دەگوزەرێت، چاڤی لەوکاتەی ریال مەدرید بووە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ، ئەو نازناوی لالیگای بۆ بارسا بەدەستهێنا، بۆیە پێموایە چاڤی لەژێر ئەو فشارە زۆرەی لەسەریەتی یانەکە بەجێدەهێڵێت’.

چاڤی هێرناندێز لەوەتەی نۆڤێمبەری 2021 راهێنەری بارسێلۆنایە، لە 127 یاری لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 79 بردنەوەی بەدەستهێناوە و نازناوی لالیگا و جامی سوپەری ئیسپانیای بۆ یانەکە بەدەستهێناوە، پێشوەختە رایگەیاندووە کۆتایی ئەم وەرزە واز لە راهێنەرایەتی یانەکە دەهێنێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button